جۆبایدن دەڵێ: دەوڵەتی ئەمریکا پشتیوانیی لە پەیوەستبوونی وڵاتانی فینلاند و سوئید بە هێزەکانی “ناتۆ”وە دەکا.
جۆ بایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ئەمریکا زۆر بە گەرمی پێشوازیی لە پەیوەستبوونی مێژوویی وڵاتانی فینلاند و سوئید بە هێزکانی “ناتۆ”وە دەکا و دەڵێ: چاوەڕێی هاوکاریی کۆنگرەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ دەکەین کە بە خێراترین کات وڵاتانی سوئید و فینلاند پەیوەست ببن بە بەهێزترین هاوپەیمانی بەرگریی لە مێژوودا.
هەروەها سەرۆککۆماری ئەمریکا وتی: ناتۆ ئاسایشی یەک میلیارد کەس لە ئورووپا و ئەمریکای باکوور گەرەنتی دەکا و دەیپارێزێ و بەهێزترین هاوپەیمانیی مێژوویە و بەمەبەستی دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە هەموو جیهاندا ئەو هێزە دامەزراوە.
جێگەی ئاماژەیە کە لە ماددەی ٥ی “ناتۆ”دا هاتووە کە هەر وڵاتێک هێرش بکاتەسەر ئەندامێکی ناتۆ، هەموو وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییە ئەرکی یارمەتیی و بەرگریی لەو وڵاتەیان لەسەر شانە.
پێویستە بگوترێ کە پاش هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وڵاتانی سوئید و فینلاند بۆ پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی سەقامگیری لە وڵاتەکەیاندا داوایان کردبوو کە پەیوەست ببن بە هێزەکانی “ناتو”وە.