هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم شاری مەهاباد و سنەیان لە ترسی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان بە تەواوەتی میلیتاریزە کردووە.
پاش سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکان لە زۆربەی شارەکانی ئێران، رێژیم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک پڕ کردووە لەهێزی سەربازیی و بە تەواوەتی شارەکانیان ملیتاریزە کردووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم لە نێو شاری سنە دەسیاندایە مانۆڕدان و کەشێکی توقێنەری سەربازیان پێک هێناوە و لە شەقام و بازاڕەکاندا هەڕەشە لە خەڵک دەکەن.
هەروەها هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم هەمان ڕۆژ ڕاژاونەتە ناو شاری مەهاباد و بە تەواوەتی ئەو شارەیان ملیتاریزە کردووە.
شایانی باسە کە رێژیم ترسێکی تایبەتی لە خەڵکی کوردستان هەیە و هەر بەم بۆنەوە لە هەر شوێنێک خۆپێشاندانێک سەرهەڵبدا هەر زوو شارە کوردییەکان ملیتاریزە دەکا و دەیخاتە ژێر چاوەدێری چڕ و پڕەوە.