ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران، لەهەمبەر گرانی لە ڕادەبەدەر و دژ بە دەسەڵاتی سەرەڕۆ لە شارەکانی ئێران بەردەوامە.
ڕۆژی سێشەممە٢٧ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، خۆپێشاندانەکانی خەڵک دژ بە دەسەڵاتی گەندەڵ و سەرەڕۆ و گرانی لە ڕادەبەدەر لە چەن شارێکی دیکەی ئێران بەردەوام بوو، خەڵکی بەزاڵەهاتووی “جەونەقان” و “شاری کورد” سەر بە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، “دزفوول” سەر بە پارێزگای خوزستان و “گوڵپایەگان” سەر بە پارێزگای ئیسفەهان خۆپێشاندانیان دژ بە رێژیم ڕێک خست.
هێزە دژە مرۆییەکانی رێژیم بۆ سەرکوت و تۆقاندنی خەڵکی “جەونەقان” بە تۆپ و تانکەوە چوونە سەر خۆپێشاندەرەکان و لە شاری دزفوولیش هەر زوو هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەرەکان و بڵاوەیان پێکردن بەڵام لە شاری گوڵپایەگان خەڵک بەتێکڕا هاتنە سەر شەقام و درۆشمیان دژی دەسەڵات بەرزکردەوە و هێزەکانی رێژیمیان ناچار بە پاشەکشە کرد.
شایانی باسە کە ڕێژیم لەو شارانەی کە خۆپێشاندان دەکرێ خێرا هێڵەکانی ئینتێرنێت دەپچڕێنێ و دەیهەوێ بەوجۆرە دەنگی خەڵکی نارازی نەگاتە دەرەوە و هێزە سەرکوتکەرەکانیان لە بێدەنگیدا خەڵکی ناڕازیی سەرکوت و دەسبەسەر بکەن و هەروەها هێزە چەکدارەکانی رێژیم زۆربەی شارەکان بە تایبەت شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵک بە تەواوەتی ملیتاریزە کردووە.