تاڵیبان لەدرێژەی داخستنی هێندێک لە ئیدارە دەوڵەتییەکانی ئەفغانستان، ئەمجارە کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ و شۆرای ئاشتی نیشتمانیی ئەفغانستان و چەندین کۆمیسیۆنی دەوڵەتیی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستانی داخست.
ڕاگەیاندنەکانی ئەفغانستان، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، بەیاننامەیەکی گرووپی تاڵیبان کە واژۆی مەلا هێبەتوڵا ئاخوندزادە، ڕێبەری تاڵیبان و مەلا حەسەن ئاخند، سەرۆکوەزیرانی تاڵیبانی لەسەرە، بڵاو کردووە کە تێیدا هاتووە، کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤ، کۆمیسیۆنی چاوەدێری بەسەر یاسای بنەڕەتی ئەفغانستان، شۆرای ئاشتی نیشتمانی، شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئەفغانستان و دەبیرخانەکانی مەجلیسی نوێنەران و مەجلیسی سێنای ئەفغانستان لەو ڕێکەوتەوە دادەخرێن.
لەبەشێک لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تاڵیبان هێندێک لە ئیدارە دەوڵەتییەکانی حکوومەتی پێشووی ئەفغانستان کە بە پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژاوایی دامەزرابوون دادەخا.
جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر تاڵیبان، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆنی سکاڵای هەڵبژاردنەکان و هەروەها وەزارەتی کاروباری ژنانی هەڵوەشاندبووەوە.