ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا لە ئێران دەکا کۆتایی بە پێشێلکارییە مرۆییەکانی و سەرکوتی خەڵکی ناڕازی بهێنێ.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەئاماژە بە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، ڕایگەیاند کە بەرپرسانی ئێران دەبێ دەسبەرداری پچڕانی هێڵی ئێنتێرنێت کە بۆ شاردنەوەی پێشێلکارییە مڕۆییەکان بەکاری دێنێ، ببێ و ڕێسا و یاساکانی مافی مرۆڤ بپارێزێ.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کۆمەڵگەی جیهانیی بەتایبەتی ئەندامانی شۆرای مافی مرۆڤ، دەبێ گوشار بخەنەسەر بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران تا کۆتایی بە سەرکوت و کەڵک وەرگرتن لە چەکی ساچمەیی بەدژی خۆپێشاندەران بێنێ.
هەرلەم پێوەندییەدا چالاکانی سیاسیی و مەدەنی لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاندووە کە؛ ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسیی و مەدەنی هۆشدار بە بەرپرسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەین کە پێش ئەوەی درەنگ بێ، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کێشەکان بە تایبەت سیستمی گرانی کە دەوڵەتی ڕەئیسی دایهێناوە، بیرێکی بنەڕەتی بکەنەوە و دەبێ ئەوەش باش بزانن کە ئیدی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوە کۆتایی دەڕوا بۆیە پێویستە خۆیان لە توند و تیژی بەرانبەر خۆپێشاندەران بپارێزن
جێگەی ئاماژەیە کە پاش دەسپێکردنی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکی ئێران لەهەمبەر گرانی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان، بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران وەکوو کاری لە پیشینەیان هێڵی ئێنتێرنێتیان پچڕاند و بە بەکارهێنانی چەکی ساچمەیی ڕووبەڕووی خەڵکی ناڕازیی ئێران بوونەوە و بە دەیان کەسیان بریندار و دەسبەسەر کردووە.