کچێکی لاوی خەڵکی کرماشان بە ناوی “سیتا شێخ مورادی” تەمەن ١٧ ساڵ، کە قوربانیی منداڵ هاوسەرییە و دایکی منداڵێک بووە، بە هۆی کێشەی خێزانییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا،سیتا شێخ مورادی، تەمەن ١٧ساڵان و دانیشتووی گەرەکی “دەڕە درێژ”ـی کرماشان بووە کە بە هۆی کێشەی خێزانییەوە لە ڕێگەی خۆسووتاندنەوە هەوڵی خۆکوشتنی دا و بە هۆی سەختی برین و سووتانی ٩٥ لەسەدی جەستەی، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی ئەو شارە، گیانی لەدەست داوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی شێخ مورادی لەوبارەوە ڕایگەیاند کە، ناوبراو لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە بێ خواستی خۆی بە شوو دراوە و دایکی منداڵێکی تەمەن ٤ مانگە بووە.
کێشە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ڕۆژبەڕۆژ پەرە دەستێنێ و زۆربەی ئەو کێشانەش خودی سیستمی کۆماری ئیسلامی هۆکارن.