شەهرام نازری دەڵێ خەڵک برسین و شیاوی ئەوە نین کە بۆ دابینکردنی ژیان بچنە ناو سەتڵی زبڵەوە.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بۆ ڕێز لێنان لە “شەهرام نازری” هونەرمەندی کورد، لە هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ناوبراو ڕوو بە هەواڵنێران سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندانەکان لەهەمبەر گرانی و بەرزبوونەوەی نرخی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە ئێران، پشتیوانی لە خەڵک کرد و وتی:” خەڵکی ئێران داوای مافەکانی خۆیان لەو وڵاتەدا دەکەن چونکە مافەکانیان پێشێل کراوە و ناڕازیبوون لەو بارودۆخە مافی سرووشتیی خۆیانە و خەڵک وەزاڵە هاتوون”.
شەهرام نازری وتی: “خەڵک برسین و شیاو نییە کە بۆ دابین کردنی ژیان بچنە ناو سەتڵی زبڵەوە و شەرمەزاری ماڵ و منداڵیان بن، خەڵک گوشاری زۆریان لە سەرە و داوای مافی خۆیان دەکەن و دەبێ وەریبگرن”.
خۆپیشاندانەکانی ئەو دواییانەی خەڵکی ئێران، کە لە نیوەی بانەمەڕی ئەمساڵ، لەهەمبەر گەرانبوون و بەرزبوونەوەی پێنج هێندەی نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەستی پێکردووە و بەشێکی زۆر لە شارەکانی ئێرانی گرتۆتەوە.
بەرپرسانی ڕێژیم بەجێی ئەوەی هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بدەن خەڵکی ناڕازی سەرکوت دەکەن و دەسبەسەر و ڕاپێچی گرتووخانەکانیان دەکەن.