وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی ئەمریکا لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران بە دەستێوەردانی ئاشکرای ئەمریکا ناودەبا.
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کاردانەوە بەرانبەر بە قسەکانی ” نێد پرایس” وتەبێژی وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا کە وتبووی ئەمریکا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییە مەدەنییەکانی خەڵکی ئێران دەکا وتی: ئەو کارە دەستێوەردانی ڕوونی ئەمریکایە لە کاروباری نێوخۆیی ئێران و ئەمریکا نیگەرانە لەوەیکە گەمارۆکانی لەسەر ئێران چی دیکە ئابووری ئێران تووشی کێشە نەکا، بۆیە پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دەکا.
خەتیبزادە بە بێ ئەوەیکە ئاماژە بە ناڕەزایەتییە گشتییەکانی خەڵکی ئێران بەدژی ڕێژیم و سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بکا وتی: ئێران شکستی بە سیاسەتی ئەو پەڕی گوشاری ئەمریکا هێناوە.
پێویستە بگوترێ کە نێد پرایس، وتەبێژێ وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر بە بڵاوکردنەوەی تویتێک ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێرانی لەهەمبەر گرانی لەڕادەبەدەری پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بە بوێرانە و نەترسانە ناوبرد و ئەوەی بە مافی خەڵکی ئێران زانی کە خۆپێشاندان بکەن و دەسەڵاتدارانی ئێران ناچار بە وڵامدانەوە بکەن و پشتیوانیی ئەمریکایشی بۆ خۆپێشاندەران ڕاگەیاند.