ڕۆژنامەی کەیهان، حەسەن خومەینی بە لایەنگریی لە ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکا.
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی خامنەییدایە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەو ڕۆژنامەیە کاردانەوەی لەهەمبەر قسەکانی حەسەن خومەینی بەرپرسی (دامەزراوەی کۆ کردنەوە و چاپی بەرهەمەکانی خومەینی)، ڕێبەری پێشووی ڕێژیمی ئێران، نیشاندا و سەرەڕای تۆمەتبار کردنی حەسەن خومەینی بە لایەنگریی لە سیاسەتەکانی ڕۆژئاوا نووسی: قسەکانی حەسەن خومەینی سەبارەت بەستراوەیی و گرێدراوی پرسە نێوخۆییەکانی ئێران بە پرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی ئێران هەڵەیە و ناوبراو قسەی هەڵە و دوور لە ڕاستیی بڵاو دەکاتەوە.
جێگای ئاماژەیە حەسەن خومەینی، لە وتووێژێکدا دەڵێ: ئەمڕۆ هەموو کێشە نێوخۆییەکانی ئێران گرێدراوە بە سیاسەتەکانی دەرەوە و دەبێ ئەو گرێیە بکرێتەوە و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا کاری هەڵەی زۆریان کردووە و هەوڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکان نەداوە.
ڕۆژنامەی کەیهان لەدرێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باس لەوە دەکا کە کێشە ئابوورییەکانی ئێران بە بێ وتووێژ و ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر دەبێ.