ڕۆژی شەممە ۲۴ی بانەمەڕی ۲۷۲۲ی کوردی (بەرابەر بە ١٤/٥/٢٠٢٢ ی زائینی)، بە بەشداریی سکرتێری گشتیی حیزب و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزبی دێموكراتی كوردستان بەڕێوە چوو.
سەرەتا، کۆنفرانس بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری دەستی پێکرد و پاشان بە چەند وتەیەکی کاک شوکری تەریق، تێکۆشەری لەمێژینەی دێموکرات کۆنفرانسەکە بەفەرمیی کرایەوە. هەر لەسەرەتای کۆنفرانسەکەدا کاک محەممەدخان مروەتی، ئەندامی دێرینی حیزبی دێموكرات، چەند وتەیەكی کورتی لەسەر ئەرك و ڕۆڵی ئەندامان لە كۆنفرانس باس کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کارەکانی کۆنفرانسدا، بەرێز کاک ” خالید عەزیزی” سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای ڕێز گرتن لە کار و تێکۆشانی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی ئاڵمان، بە پێشکەش کردنی وتارێکی سیاسی، تیشکی خستە سەر هەلومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و هەڵوێستی حیزب لە گەڵ ئۆپۆزسیۆنی کوردی و ئێرانی، کاری دیپلۆماسی لە دونیای دەرەوە و هەروەها دوایین ئاڵ و گۆرەکان و پرسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
سکرتێری گشتی حیزب لە میانەی وتەکانیدا وێرای بەرزنرخاندنی چالاکانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، رایگەیاند کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەپێی واقعبینی خۆی دەروانێتە ئاڵوگۆڕەکان و لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی جوڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی دادەرێژێ.
پاش وتەکانی بەڕێز سكرتێری گشتی حیزب، ژمارەیەک لە بەشداربووان سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان خستەڕوو کە دواتر لە لایەن بەڕێزیانەوە وڵام درایەوە.
هەر لە درێژەی كاری كۆنفرانس، كاك سوڵتان گوڵاوی، بەرپرسی كۆمیتەی ئاڵمان و خاتوو سەیران بایزید حسێنی، ڕاپۆرتی كار و تێكۆشانی كۆمیتە و بەشی ماڵیان پێشکەش بە کۆنفرانس کرد.
لەدرێژەی كۆنفرانسدا، ژمارەیەک لە بەشداربووان سەرنج و پرسیارەکانی خۆیان لەسەر راپۆرتی کۆمیتە خستە بەرباس كە لە لایەن كاك سوڵتان گوڵاوییەوە وڵام درانەوە.
لە كۆتایی وڵامی ڕەخنە و پێشنیارەكان، هەر لەم بڕگەیەدا خاتوو سومەیە خزری، پەیامی یەكیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی خوێندەوە.
لە درێژەدا، بەڕێز مەولود سوارە، وەک نوێنەری تەشکیلات و كاك ئەبووبەكر قەدیكورد، نوێنەری كۆمیسیۆنی پارێزگاریی لە پەێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکرات، باسیان لە شێوەی كاری كۆنفڕانس بەپێی پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموكرات كرد و پاشان لەوحی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە ئەندامانی كۆمیتەی ئاڵمان كرد.
بەشی کۆتایی کۆنفرانس کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەریی کۆمیتەی حیزب، کە لەم بەشەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان خۆیان بەربژێر کرد و لە ئەنجامدا بە دەنگی ئەندامانی بەشدار دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نوێ حیزب لە وڵاتی ئاڵمان هەڵبژێرا.