هەتا ٥٠ ساڵی دی ئاسەوارێک لە دارستانەکانی زاگڕۆس نامێنیت.
نەقی شەعبانیان، جێگری کاروباری دارستان و لێرەوارەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند دارستانەکانی کوردستان بەبایەخن، بەڵام بەپێی بەردەوامیی دۆخی ئێستا هەتا ٥٠ ساڵی داهاتوو شتێک لەو سامانە سروشتییە بۆ نەوەکانی داهاتوو نامێنێتەوە.
ناوبراو کە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی بانەمەڕ لە کۆبوونەوەی ناساندنی بەرپرسی نوێی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە پارێزگای سنە قسەی دەکرد، سووچ و تاوانی ئەو دۆخەی بۆ گۆڕانکاریی کەشوهەوا و هۆکاری مرۆیی گەڕاندەوە. بەڵام ژینگەپارێزانی کوردستان دەڵێن ئەم دۆخە هۆکاری دیکەشی لەپشتە و زۆربەی سووتانەکان لە دارستانەکانی زاگڕۆس دەستی بەئانقەستی لە پشتە و بەهۆی کەسانی هەلپەرەستی دەستڕۆیشتووی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەکرێ. هەروەها بە سەدان پەروەندە لەسەر گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانی پاشماوەی دارستانە سووتاوەکان لە دادگاکانی ئێراندا دروست بوون و هەر ئێستا دەیان ئەندامی شوڕای شارەکان و دامودەزگا ئیدارییەکانی ڕێژیم لەو سۆنگەیەوە خراونەتە زیندانەوە.
فەرزاد عەلیزادە، کارناسی سەرچاوە سروشتییەکان لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندوە کە لە ٧٠ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٧ میلیون هێکتار لە دارستانەکانی زاگڕۆس فەوتاون و لە ئێستادا تەنیا ٥ میلیۆن هێکتار لەو سامانە سروشتییە بەبایەخە ماوەتەوە کە ئەگەر ئەو ڕەوتە هەروا بەردەوام بێ، هەتا ٥٠ ساڵی داهاتوو تاق دارێکی دارستانەکانی زاگڕۆس نامێنی و هەتا ٨٠ ساڵی داهاتوو سەرجەم لێرەوار و لەوەڕەگانی ئەو ناوچەیە لەنێو دەچن.
ماڵپەڕی “جەماران” لە نێوخۆی ئێرانیش هۆکاری سەرەکیی سووتانی دارستانەکانی زاگڕۆسی بۆ ناکارامەیی بەڕێوەبەرێتی و سیاسەتی چەوتی وەزارەتی پیشەسازی، بازرگانی و کانزاکان گەڕاندۆتەوە. ئەو ماڵپەڕە نوسیویەتی تەنیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا و تەنیا لە دوو شاری شیراز و کازرون، ئەو وەزارەتە مۆڵەتی ڕەسمیی کاردکردنی بە ٧٠ کارخانەی نوێی دروستکردنی خەڵووز داوە، بەوەش ڕێگا بۆ قاچاغچییەکانی دار ئاوەلا کراوە هەتا بە سووتاندنی بەئانقەستی دارستانەکان و بڕینی داربەڕووەکانی زاگڕۆس ئەو سامانە سروشتییە بکەن بە خەڵووز بۆ بەکارهێنانی قلیان و کەباب لە شارە گەورەکان.