گرانیی دەوا و دەرمان کێشەی زۆری بۆ زیاتر لە ٣٥٠٠ توشبووی نەخۆشیی ئێم ئێس لە پارێزگای ورمێدا دروست کردوە. ئامارە ڕاگەیەندراوەکان دەڵێن لە کوردستاندا زیاتر لە ٧٠٠٠ کەس نەخۆشیی ئێم ئێسیان هەیە.
سومەییە زارع، ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ئێم ئیس لە پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند کە گرانبوونی داودەرمان، بارودۆخی هەژاریی بنەماڵەکان و کەمی و نەبوونی کەرەستەی فریاکەوتن کێشەی زۆری بۆ زیاتر لە ٣٥٠٠ توشبووی نەخۆشیی ئێم ئێس لەو پارێزگایەدا دروست کردوە. ئەو گوتی دەردی سەرباری دەردان بۆ نەخۆشەکانی ئێم ئێس لە پارێزگای ورمێ ئەوەیە کە دوو ساڵە ئەنجومەنی ئێم ئێس لەو پارێزگایە داخراوە و سەرەڕای هەوڵ و بەدواداچوونی زۆر، کەچی هیچ کاربەدەستێک خۆی لەو کێشە بەخاوەن ناکات.
ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ئێم ئیس لە پارێزگای ورمێ نایشارێتەوە کە گرانی و دۆخی ئێستای ئابووریی وڵات فشارێکی چەند قاتی خستۆتە سەر نەخۆشەکانی ئێم ئێس. ئەو گوتی هەتا دانەخرانی ئەنجومەنی ئێم ئێس بەشێکی زۆری نەخۆشەکانی دەرمانیان بە خۆڕایی دەدرایە، بەڵام ئێستا دەبێ هەر بەستە حەبێک بە ٣٠٠ هەزار تمەن بکڕن.
پارێزگای ورمێ بە ٣٥٠٠ نەخۆشی ئێم ئێس پلەی پێنجەمی لە ئاستی هەموو پارێزگاکانی ئێراندا هەیە. ئاماری ڕاگەیەندراوی دوو ساڵ لەوە پێش دەڵێن کە توشبووانی ئەو نەخۆشییە لە پارێزگای سنە ١٦١٥ کەس، لە پارێزگای کرماشان ١٨٠٠ کەس و لە پارێزگای ئیلام نیزیک ١٥٠ کەسن. ئەو ئامارە ئەو بەشە لە توشبووان ناگرێتەوە کە سەردانی ئەنجومەنەکانی ئێم ئێس لەو شوێنانەیان نەکردوە.
چوونەسەرێی چەند قاتی نرخی دەوا و دەرمان بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان ئەویش لە گرانیی ئێستادا هیندەی دیکە ژیانی لە توشبووانی ئەو نەخۆشییانە و بنەماڵەکانیان تاڵ کردوە.