پاش ١٢ ساڵ هێشتا فازی یەکەمی نەخۆشخانەی ٣٧٦ قەرەوێڵەیی ئیلام تەواو نەبووە.
حەسەن بەهرامی، پارێزگاری ئیلام کە ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی بانەمەڕ سەردانی ئەو پڕۆژە نیوەچڵەی شاری ئیلامی کردبوو، وێرای ڕەخنەگرتن لە سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاندوە کە هۆکاری وەگەڕنەخرانی فازی یەکەمی ئەو نەخۆشخانەیە ئەمجارەیان دواکەوتنی ئیمزاکردنی گرێبەست لەگەڵ ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆ بووە کە تا ئێستاش چارەسەر نەکراوە. ئەو پڕۆژەیە نیوەچلە لە ساڵانی ڕابردووشدا بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر، تەرخاننەکردنی بودجە و هەروەها دابیننەکرانی کەرەستە پزیشکییەکان بەردەوام دوا خراوە.
تەواونەکردنی تەنانەت فازی یەکەمی ئەو نەخۆشخانەیە لە حاڵێکدایە کە نەبوونی ناوەندەکانی دەرمانی لە شاری ئیلام کێشەی زۆری بۆ خەڵک دروست کردوە و بەشێکی زۆر لەوان ناچارن بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان ڕێگای شارەکانی دیکە بگرنەبەر.
پارێزگای ئیلام وەک پارێزگا پەراوێزخراوەکانی دیکەی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ساڵانە شوێنی تێپەڕینی بە میلیۆن زیارەتکەر بۆ شوێنە پیرۆزەکانی شیعەکان لە عێڕاقە، کەچی کەمترین بایەخی لەلایەن حکوومەتەوە پێ نادرێ.
نیوەچڵ بەجێ هێشتنی پڕۆژەی کارخانەی سیمانی دێهلوڕان پاش ١٦ ساڵ، تەواونەبوونی رێگای ئیلام_مێهران بەهۆی تەرخان نەکردنی بودجە، ڕاگیرانی ڕێگای ئاسنی ئیلام و وەلانانی پڕۆژەی گواستنەوەی ئاوی سیروان بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی مێهران و دێهلوڕان، بەشێکی دیکە لە پڕۆژە نیوەکارەکانی ئەو پاریزگایەی کوردستانن.