شوڕای شاری ورمێ نیزیک بە ٢٠ ڕۆژە نەیتوانیوە کۆبوونەوەکانی خۆی پێکبینێ و لەو سۆنگەیەوە خەڵکی شارەکە نازانن کە بۆ چارەسەری کێشەکانیان ڕوو لە کوێ بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیلنا دوای ئەوەی ٥ کەس لە ئەندامانی شوڕای شاری ورمێ بەهۆی گەندەڵیی زۆرەوە دەسبەسەر و ئەندامەتییان لە شوڕای شاردا ڕاگیرا، بڕیار بوو جێگەی ئەوان بە ئەندامانی جێگر پڕ بکرێتەوە. بەڵام هەتا ئێستاش شارەداری و فەرمانداری بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانیان نەیانتوانیوە بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن، بەمجۆرە چارەنووسی شوڕای شاری ورمێ بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.
سەرۆکی گشتیی دادگوستەریی پارێزگای ورمێ ڕۆژی سێشەممە، ٦ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە ٨٤ کەس لە پێوەندی لەگەڵ گەندەڵییەکان لە شارەداریی ورمێدا دەسبەسەر کراون کە ٥٨ کەسیان لە ئەندامانی ئێستا و دەورەکانی پێشووی شوڕای شاری ئەو شارەن. بەپێی قسەکانی ناسر عەتەباتی لەو ٨٤ کەسە ٣٥ کەسیان کارمەندی شارەداری، ٢٣ کەسیان ئەندامانی دەورەکانی پێشووی شوڕا و ٢٦ کەسەکەی دیکەشیان قۆنتەراچتیی شارەداری شاری ورمێ بوون.
گەندەڵی لە شوڕای شار شارەکانی دیکەی پارێزگای ورمێش دەگرێتەوە، وەک چۆن چەند مانگ لەوە پێش دوو کەس لە ئەندامانی شوڕای شاری مەهاباد بە ناوەکانی “چیا ئازەربار” و “هەمزە نەوزەری” بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر کران؛ ئەوە لە کاتێکدایە کە ساڵی ڕابردووش سەرجەم ئەندامانی شوڕای شاری مەهاباد بە تۆمەتی گەندەڵی دەسبەسەر و لەو سۆنگەیەوە شورای ئەو شارە بە یەکجاری هەڵوەشا. هەروەها لە دوو ساڵی ڕابردوودا شەش ئەندامی دەوری پێنجەم، سێ ئەندامی دەورەی شەشەم و ١٢ کارمەندی ئیدارەکانی شارەداری، فەرمانداری و نیشتەجێبوون بە تاوانی گەندەڵیی خراونەتە بەندیخانەوە؛ بەڵام هێشتا دادگا حوکمی لەسەر نەداون.
شایانی باسە گەندەڵیی سیستماتیک سەرلەبەری دامودەزگا ئیداری و حکوومییەکانی کۆماری ئیسلامیی داگرتوە و تەنیا بەشێکی یەک جار کەم لەو گەندەڵییانە لەقاو دەدرێن و پێیان دەزاندرێ. ڕێکخراوی شەفافییەتی نێونەتەوەیی ئێران ڕایگەیاندوە کە ئێران یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتەکانە و لە نێو ١٨٠ وڵاتدا لە ڕیزی ١٥٠ دا جێی گرتوە.