شەش ڕێکخراو و حیزبی کۆماریخوازی ئێرانیی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران دەکەن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی شەش ڕێکخراو و حیزبی کۆماریخواز،” یەکیەتیی کۆماریخوازانی ئێران، بەرەی نیشتمانیی ئێران وئورووپا، حیزبی چەپی ئێران، حیزبی کۆماریخوازی سوسیال دێموکرات و لاییکی ئێران، رێکخراوی بەرەی نیشتمانیی ئێران لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانیی کۆماریخوازنی ئێران” لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا سەرەڕای پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی پارێزگاکانی ئێران لەهەمبەر گرانی لە ڕادە بەدەری پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، ڕایانگەیاند هۆکاری سەرەکیی بارودۆخی خراپی ئێستای خەڵک و ناڕەزایەتییەکان، سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە.
لە بەشێکی دیکە لە بەیاننامەکەدا، سەرەڕای هۆشدار بە بەرپرسانی رێژیمی ئێران داوایان کردووە کە کۆتایی بە سەرکوت و بریندارکردنی خەڵکی ناڕازیی بێنن و هەوڵ بدەن کێشەکانی خەڵک چارەسەر بکەن.