وتەبێژی وەزارەتی درەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، بە تەواوی پشتیوانی لە مافی خۆپیشاندەرە شۆڕشگێڕەکانی خەڵکی ئێران دەکەین کە بەدژی دەسەڵات و بۆ گەیشتن بە مافەکانیان ناڕەزایەتیی دەردەبڕن.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، وەکوو دژکردەوەی دەوڵەتی “جەو بایدن” لە هەمبەر خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران وتی: واشینگتۆن پشتیوانی لە ئازادیی بەیان و مافی ئازادیی خۆپیشاندەرە شۆڕشگێرەکانی ئێران دەکا کە بەدژی نادادپەروەریی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاتوونەتەسەر شەقام، پیویستە هەموو لایەنەکانی دیکەش پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازیی ئێران بکەن.
ناوبراو وێڕای ئاماژە بەوەیکە خۆپیشاندەرانی شۆڕشگێر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا بۆ داواکاریی مافی ڕەوای خۆیان ڕژاونەتەوە سەر شەقامەکان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە خەڵکی ئێران ئەو مافەیان هەیە کە ڕێژیمی ئێران لە بەرانبەر داواکارییەکانیان وڵامدەر بێ.