وریا غەفوری، کاپیتانی یانەی ئیستقلالی تاران سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێران وەکوو وەرزشوانێک هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و وتی: بە دیتنی بارودۆخی ژیانی خەڵک گریانم دێ، من نازانم بەرپرسان شەرم نایانگرێ کە ئەو بارودۆخە دەبینن؟
وریا غەفوری، کاپیتانی کوردی یانەی تۆپیپێی ئیستقلالی تاران، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی خەڵک لەهەمبەر گرانییەکان ڕوو بە هەواڵنێران وتی: من هەرکات باسی پرسی کۆمەڵایەتی و مەدەنی دەکرێ، تۆپیپێ ئیتر بۆ من سەرەکیی نییە و دەبێ لەو جێگە وپێگەیەی کە هەمە کەڵک وەرگرم و زمانی ئەو لایەنگرانەم بم کە بە هەزار چەرمەسەری بلیتیان کڕیوە و هاتوون و هاندەری ئێمە دەبن.
ناوبراو وتی: بە دیتنی بارودۆخی ژیانی خەڵک گریانم دێ، من نازانم بەرپرسان شەرم نایانگرێ کە ئەو بارودۆخە دەبینن؟ هیوادارم خەڵکی ئێمە ئەو جۆرەی کە شایانیانە ژیان بکەن. تەمەن ئەوەندە نییە و ئەوە مافی خەڵکی ئێرانە کە بەختەوەر بژین.
جێی وەبیر هێنانەوەیە کە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران لەهەمبەر گرانی و بەرزبوونەوە نرخی کەلوپەل و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، دەستی پێکردووە و تا ئێستا زیاتر لە دەیان کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و چەند کەسیش کوژراو وبریندار بوون.