عەبدولواحید عەباسیزادە، چالاکی سیاسیی و هاووڵاتیی خەڵکی بانە کە پێشتر سزای بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا.
ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، پاش بانگ کرانی” عەبدولواحید عەباسی زادە” لەلایەن دادگای” بانە”وە بۆ جێبەجێ کردنی سزاکەی دەسبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.
ناوبراو ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری بانە بە سەرۆکایەتی دادوەر “ئەکبەر میرزایی” بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە بەدژی ڕێژیم و ئەندام بوون لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران” سزای ٣ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
عەبدولواحید عەباس زادە پاش تێپەڕاندنی سزاکەی دەبێ بۆ ماوەی ٢ ساڵ مانگێ جارێک خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە بانە بناسێنێت.