بەرەی بەرگریی نەتەوەیی ئەفغانستان، ڕایگەیاند کە لە شەڕ وتێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ تاڵیبان لە هەرێمی پەنجشیر و پەروان، دوو فەرماندە و ١٧ سەربازی گرووپی تاڵیبان کوژراون.
عەلی مەیسەم نەزەری، بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی بەرەی بەرگریی نەتەوەیی ئەفغانستان، ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە تؤری کۆمەڵایەتیی تویتێر بەئاماژە بە شەڕ وتێکهەڵچوونیان لەگەڵ هێزەکانی تاڵیبان لە هەرێمی پەنجشیر و پەروان نووسی: مەلا غەفار، یەکێک لە فەرماندەکانی تاڵیبان لە هەرێمی پەنجشیر کوژراوە، لەلایەکی دیکەوە لە هەرێمی پەروان، مەلا مەلەنگ فەرماندەیەکی دیکەیان بەدەستی هێزەکانمان کوژراون.
هەرلەو پێوەندییەدا سوحبەتوڵا ئەحمەدی، وتەبێژی بەرەی بەرگریی نەتەوەیی ئەفغانستان، بەبڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند کە، هێزەکانمان لە پەنجشیر ١٧ سەربازی تاڵیبانیان کوشتووە و ٩ سەربازی دیکەی تاڵیبانیش بە توندی بریندار بوون.