بریتانیا بەدەرکردنی بەیاننامەیەک، گەمارۆی خستۆتە سەر ١٢ کەس لە کەسە نزیکەکانی پوتین.
دەوڵەتی بریتانیا، ڕۆژی شەممە ٢٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لەدرێژەی سەپاندنی گەمارۆکان بەدژی ڕووسیە و ولادێمیر پوتین سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە، گەمارۆگەلێکی نوێی خستۆتە سەر ١٢ کەس لە کەسە نزیکەکانی پوتین.
لودمیلا پوتینا، هاوسەری پێشووی سەرۆککۆماری ڕووسیە و ئالینا کابایوا، ژیمیناستیککاری پێشووی ڕووسیە و لە کەسە نزیکەکانی پوتینن، گەمارۆیان خراوەتەسەر.
هەروەها ئیگۆر و ڕۆمان پوتین، کوڕە مامەکانی سەرۆککۆماری ڕووسیە و ئەلێکساندێر پێلخۆف، هاوڕێی نزیکی پوتین و بەڕێوەبەری کۆمپانیای” وایتاڵ دۆڵۆپمێنت کۆرپ” لە لیستی ئەو کەسانەدان کە لەلایەن بریتانیاوە گەمارۆیان خراوەتەسەر.
شایانی باسە کە پاش هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا، گەمارۆگەلێکی قورسیان بەسەر ڕووسیەدا سەپاندووە و لە بواری ئابووریدا ئەو وڵاتەیان تووشی کێشەی گەورە کردووە.