دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و چالاکی پیشەیی کورد لە شارەکانی کوردستان لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانگهێشتی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم کراون.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی گوشاری ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی کورد، دەیان ڕۆژنامەنووس، چالاکی مەدەنی و چالاکی پیشەیی کورد لە شارەکانی مێهران، ئیلام، دێلۆڕان، کرماشان، جوانڕۆ، ڕوانسەر، سنە، سەقز، مەریوان، بانە، دیواندەرە و سەردەشت،لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراون و وێڕای لێپرسینەوە هەڕەشەیان لێکراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا و لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێنج چالاکی سینفی مامۆستایان ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەری مامۆستایانی سنە بە ناوەکانی” محەممەد رەزا موردای، مەجید کەریمی، سەلاح حاجی میرزایی، نەسرین کەریمی و کوورش عێزەت ئەمینی بانگی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کراون و دەبێ ئەمڕۆ شەممە خۆیان بە ئیتلاعاتی سنە بناسێنن.
ناوەندە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی کردووە کە بە هۆی ئەو دۆخە تایبەتەی زاڵە بە سەر ئێراندا، نابێت هیچ جۆرە هەواڵێک و وتووێژێک لە سەر بابەتی گرانی و ناڕەزایەتی دەربڕین بڵاو بکەنەوە و ئەگەر ئەو کارە بکەن ئەوا پەروەندەیان بۆ دەکرێتەوە و سزا دەدرێن.