کۆمپانیای گووگڵ ٢٤ زمانی دیکەی جیهانی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ زیاد کرد و یەکێک لەوانە زمانی کوردییە بە زاراوەی “سۆرانی”.
ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند کە ٢٤زمانی دیکەی زیندووی جیهانی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانی گووگڵ زیاد کرد و باسی لەوەکرد کە ئامانجی گووگڵ ئەوەیە، خەڵک لە هەموو ناوچەکانی جیهانەوە پەیوەندی بە یەکترەوە بکەن.
تەواوی ئەو زمانانەی لە ئیستادا بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێرانی گوگڵ بەردەستن ژمارەیان ١٣٣زمانی زیندووی جیهانن.
پێشتر گووگڵ، زمانی کوردی بە زاراوەی “کورمانجی سەروو”ـی بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێران زیاد کردبوو و لە ئێستاشدا زاراوەی سۆرانیی پێ زیاد کردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە زیاتر لە ٣٠٠میلیۆن کەس بەو زمانە نوێیانە قسە دەکەن کە بۆ خزمەتگوزاریی وەرگێڕانەکەی زیادی کردووە.
زمانی کوردی زمانێکە کە زیاتر لە ٥٠میلیۆن کەس بەکاری دێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەوڵەت تا ئیستا پەراوێز خراوە و لە جیهاندا بە فەرمی نەناسێندراوە.
زاراوەی سۆرانی، زاراوەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەشێوەیەکی سەرەکی لە باشووری کوردستان و بە هەمان شێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکاری دەهێنن.