بەردەوامیی شەپۆلی گرانییەکان لە لایەک و کەمبوونەوەی پێداویستییە خۆراکییەکان لە لایەکی دیکەوە بۆتە گوشارێکی لە ڕاددەبەدەر لەسەر خەڵکی ئێران.
لە ڕۆژانی رابردوو و لە ناکاو گران کردنی ئارد، دۆخیکی ئاڵۆزی بۆ خەڵک پێکهێنابوو ، هاوکات نرخی مریشک و هێلکە و بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە ناکاو چەند قات بەرزبوەووە و خەڵکی تووشی سەرسووڕمان کرد.
شەوی ٢٠ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، “جەهادی کشاورزی” بە هاوئاهەنگی لە گەڵ یەکیەتیی بەرهەمهێنەرە شیرەمەنییەکان و پەلەوەرییەکان بە گرانکردنی نرخی مریشک ،هێلکە و شیرەمەنییەکان خەڵکیان تووشی شۆک و دڵەڕاوکێ کرد.
شایانی باسە کە بەهۆی ئەم دۆخەوە کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەتایبەت سیاسەتەکانی خامنەییەوە بەسەر خەڵکدا سەپاوە، توڕەیی و بێزاری خەڵک لەو ڕێژیمە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە هەر دەرتانێک دژی ئەو ڕێژیمە پێشوازی دەکەن.