وەزارەتی دەروەی ئەمریکا دەڵێ: لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا و وتووێژەکانی ڤییەن دوو بابەتی جیاوازن و پێوەندییان پێکەوە نییە.
درێک شۆڵت، ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی” نەشناڵ تایمز” سەبارەت بە ڕاوەستانی وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن بۆ بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی وتی: لابردنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکادا هیچ پێوەندییەکی بە وتووێژەکانی ڤییەنەوە نییە، ئەوە دوو بابەتی جیاوازن.
ڕاوێژکاری وەزارەتی دەروەی ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاند: پاش چەندین مانگ وتووێژ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە ڤییەن بەمەبەستی بووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی، ئێران وتووێژەکانی ڕاگرتووە و یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، لابردنی سپای پاسدارانە لە لیستی رێکخراوە تێرۆریستییەکاندا، کە ئەو داواکارییەی ئێران داواکارییەکی ناڕەوا و بێ جێیە، ئەو دوو بابەتە هیچ جۆرە پێوەندییەکیان پێکەوە نییە.
هەروەها ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر پێویست بکا ئەمریکا وتووێژە ناوکییەکانی ڤییەن ڕادەوەستێنێ و ئەوەی کە بۆ ئەمریکا گرینگە ئەوەیە کە ئەمریکا هیچ کات ئیزن نادا کە ڕێژیمی ئێران دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.