ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی گەورەی تاران لە ڕاپۆرتێکدا باسی دۆخی نالەباری بەندیخانەیان کرد و وتیان: بێ هیچ بڕە پارەیەک بەردەوام بێگاریی بە بەندکراوان دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی گەورەی تاران، بە نیسبەت دۆخی نالەباری بەندیخانە و چەوساندنەوەی بەندکراوانی سیاسی ناڕەزایەتییان دەربڕی و لە ڕاپۆرتێکدا باسیان لە کیشەکانی ناو بەندیخانە کرد و ڕایانگەیاند کە بەرپرسانی بەندیخانەکە بە زۆرەملێ وبە بێ پێدانی هیچ بڕە پارەیەک بێگاریی بە بەندکراوان دەکەن، وەکوو ئۆردووگایەکی کاری لێهاتووە و بێگارییان پێدەکەن.
هەروەها لە درێژەی ڕاپۆرتی بەندکراواندا هاتووە کە، بە دژکردەوە بە بانگەشەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بارەی دۆخی “حەمید نووری” لە سوئێد، باسیان لە پیشێلکردنی مافی مرۆڤی بەندکراوانی بەندیخانەی گەورەی تاران کرد و وتیان؛ کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە باسی مافی مرۆڤ دەکا لە لایەکیشەوە بۆخۆی بە پێش چاوی جیهانەوە مافی مرۆڤ پێشێل دەکا و لەژێر دەسەڵاتی سەپێندراوی خۆی کەرامەتی مرۆڤایەتی دەشکێنێ.