نێد پرایس: سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ڕێکخراوێکی تێرۆریستییە و لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکادا دەمێنێتەوە.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە لەو ١٠٧ گەمارۆیەی کە ئەمریکا لە ساڵی ڕابردوودا بەسەر رێژیمی ئێرانیدا سەپاندووە ٨٦ گەمارۆی پێوەندی بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و کەسانی سەر بەو ڕێکخراوەوە هەیە وتی: ئێوە بە سەدان جار لە زمانی” ئانتۆنی بلینکێن” وەزیری دەروەی ئەمریکاتان بیستووە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، هۆکاری سەرەکیی هێرشە تێرۆریستییەکانە و ئەو بابەتێکی ڕوون و ئاشکرایە کە ئێمە نیگەرانی ئەو هەڕەشە تێرۆریستییانەین کە سپای پاسداران دەیکا و ئەمریکا نایهەوێت گوشار و گەمارۆکان لەسەر سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لاببا و بۆیە بەردەوام لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکادا دەمێنێتەوە.
ناوبراو هەروەها وتیشی: ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانییەکانمان بەردەوام دەبین لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە تێرۆریستییەکانی سپای پاسدارنی ڕێژیمی ئێران و دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکەدا.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: بووژاندنەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی هیچکات بۆ ئێمە یەکلاکەرەوە نەبووە تا ئێستاش بۆ ئەمریکا ڕوون نەبوەتەوە کە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەگا بە ڕێککەوتن یا نە، بەڵام ئەوەیکە بۆ ئێمە ڕوون وئاشکرایە ئەوەیە کە ئەمریکا بە هاوکاریی هاوپەیمانەکانی لە هەموو ستراتیژی و پلانێک کەڵک وەردەگرن و ئیزن بە ڕێژیمی ئێران نادن کە دەستی بە چەکی ناوکیی ڕابگا.