هاوپەیمانیی “هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران” رۆژانی ٧ و ٨ی مانگی مەی لە شاری هانۆفێری ئاڵمانکۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.
نوێنەرانی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران کە پێکهاتووە لە ١٠ حیزب و رێکخراوی سیاسی لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون. لەم کۆبوونەوەیەدا، بەڕێز خالید حەسەنپوور، ئەندامی رێبەری حیزب و بەرپرسی بەشی پێوەندییە ئێرانییەکان لە کۆمیتەی دەرەوەی وڵات بە نوێنەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشدار بوو.
بەپێی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران لە سێ پانێلی سەرەکی پێکهاتبوو کە بریتی بوون لە یەکەم: پێداچوونەوە بە کەموکۆڕییەکانی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران، دووەم: پرسی هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، سێیەم: بارودۆخی ئێستای ئێران و بەرنامەی هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران.
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، سەرنج و بۆچوونەکانی خۆیان لە هەر کام لە پانێلەکاندا خستەڕوو و جەختیان لەسەر رێگا چارەی گرفتەکان و نەهێشتنی کەموکۆڕییەکان کردەوە.
لە پێوەندیی لەگەڵ هاوکاری لەگەڵ لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران جەخت لەسەر زەروورەتی هاوكاری و پێویستی پێکهێنانی یەکیەتییەک لەگەڵ ” شۆرای دێموكراسی خوازان ” و “كۆنگرەی نەتەوەكانی فیدراڵ” كرایەوە.
هەروها لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی سیاسیی ئێراندا، بەشدارانی کۆبوونەوەکە کۆمەڵێک پێشنیاریان بۆ چالاكتر كردنی “هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران” تاوتوێ و پەسەند كرد.
شایانی باسە کە هاوپێوەندیی بۆ ئازادی و بەرابەری لە ئێران پێکهاتووە لە ١٠ حیزب و رێکخراوی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بریتین لە؛ حیزبی دێموكراتی كوردستان، حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، جووڵانەوەی كۆماریخوازانی لائیك و دێموكرات، یەكیەتی فیدائیانی گەلی ئێران، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، یەكیەتی دێموكراتیكی ئازەربایجان ( بیرلیك )، حیزبی تەزامونی ئەهواز، شورای یەکگرتووی چەپ و حیزبی مەردوومی بەلووچستان .