وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا، داوای له كۆماری ئیسلامیی ئێران كرد كه محه‌ممه‌دسه‌دیق كه‌بوودوه‌ند، ڕۆژنامه‌نووس، چالاکی مافی مرۆڤ‌و زیندانیی سیاسیی کورد له زیندان ئازاد بکا.
جۆن كێربی، ڕۆژی ٩ی بانه‌مه‌ڕ له پرێس كۆنفرانسێك‌دا به ڕاشكاوی ئاماژه‌ی به ناوی محه‌ممه‌دسه‌دیق كه‌بوودوه‌ند كرد‌و گوتی ماوه‌ی که‌بودوه‌ند ٩ ساڵه له زیندان دایه‌و كاتی ئه‌وه هاتووه كه له زیندان ئازاد بکرێ‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی زیندانییه‌كه‌ی بیگرێته‌وه.
محه‌ممه‌دسه‌دیق كه‌بوودوه‌ند، سه‌رۆکی ڕێکخراوی داکۆکی له مافی مرۆڤی كوردستان” و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌ی داخراوی “په‌یامی مه‌ردۆم” بوو. ناوبراو له مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ٨٦وه له زیندان دایه‌و له‌م ماوه‌یه‌دا نزیك به ٦ مانگ له زیندانی ئینفرادیی به‌ندی ٢٠٩ ئێڤین‌دا بووه.
دادگای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ناوبراوی به تۆمه‌تی هه‌وڵدان دژی ئه‌منیه‌تی میللی له ڕێگه‌ی پێكهێنان‌و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێكخراوی داکۆکی مافه‌كانی مرۆڤ له كوردستان‌و چالاكییه‌كانی حوكمی ١٠ ساڵ زیندان‌و هه‌روه‌ها به تۆمه‌تی پڕوپاگه‌نده دژی نیزام حوكمی یه‌ك ساڵ زیندانیی به‌سه‌ردا سه‌پاند.
كه‌بوودوه‌ند ئه‌و كاته‌ی كه له زیندان‌دا بوو واته له ساڵی ٨٨ خه‌ڵاتی ساڵی ڕاگه‌یاندنی بریتانیای پێ به‌خشرا. له به‌یاننامه‌ی ئه‌م خه‌ڵاته‌دا هاتبوو كه ناوبراو به هۆی چالاكبوونی له بواری ڕۆژنامه‌نووسی‌و داکۆکی له مافی مرۆڤ، ڕۆڵی گرینگی له دامه‌زراندنی تۆڕی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی بۆ لاوان‌و چالاكانی كورددا بووه.
كاردانه‌وه‌ی نوێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئا‌مریكا سه‌باره‌ت به بارودۆخی كه‌بوودوه‌ند له حاڵێك دایه كه له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا چه‌ند گرووپێكی جیاجیای وه‌ك مامۆستایانی زانكۆ و چالاكانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی به ناردنی نامه بۆ حه‌سه‌ن ڕۆحانی، سه‌ركۆماری ئێران‌و بان كی مون، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان داوای ئازادكرانی ناوبراو و چاره‌سه‌ریی به‌ندكراوانی سیاسیی دیکه‌یان له ئێران كردوه.