کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایانی وانەبێژی مەریوان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستا “ئەسکەندەر لوتفی” و “مەسعوود نیکخواهـ”لەو شارە بەڕێوەچوو.
بە پێی هەواڵی چاونیوز،١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی: مامۆستایانی قووتابخانەکانی شاری مەریوان بۆ پاڵپشتی لە مامۆستا “ئەسکەندەر لوتفی” و “مەسعوود نیکخواهـ” دوو مامۆستای دەسبەسەر کراو لە بەردەم ئیدارەی بارهێنان و فێرکردنی شاری مەریوان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان رێکخست و داوایان لە بەرپرسانی رێژیم کرد کە ئەم دوو مامۆستایە بە بێ هێچ مەرجێک ئازاد بکرێن .
یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی ئێران و کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمی و پێشوەختدا داوایان لە مامۆستایان کرد کە بۆ پاڵپشتی لە مامۆستایانی دەسبەسەر کراو دەستبدەنە مانگرتن و ڕۆژی دوای مانگرتن لە بەردەم ئیدارەی فێرکردن و بارهێنانی شارەکان ناڕەزایەتیی دەرببڕن.
شایانی باسە کە ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، لە درێژەی گوشاری ناوەندە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بۆ سەر مامۆستایانی وانەبێژ، هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مامۆستا “ئەسکەندەر لوتفی” “مەسعوود نیکخواهـ” و دەسبەسەریان کردن .