کۆمەڵێک لە ژنانی ئەندامی “بزووتنەوەی ژنان بۆ دادپەروەری و ئازادی” بەکاردانەوە بە بڕیاری تاڵیبان لەسەر حیجابی زۆرەملێ و ڕووبەندی ژنان لە شوێنە گشتییەکانی کابول دەستیان دایە ناڕەزایەتیی دەربڕین.
ژنانی ئەندامی بزووتنەوەی دادپەروەری و ئازادی لە ئەفغانستان، ڕۆژی دووشەممە١٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، سەبارەت بە بڕیارەکەی گرووپی تاڵیبان لەهەمبەر حیجابی زۆرە ملێ و پۆشینی دەموچاوی ژنان لە ئەفغانستان ڕژانە سەرشەقامەکانی کابول و بە دروشمی نە بۆ حیجابی زۆرەملێ، داوایان لە تاڵیبان کرد ڕووبەندی دەموچاو کە تەنیا فەرهەنگی عەشیرەیەکی ئەفغانستانە بە زۆری بەسەر هەموو ژنانی ئەفغانستاندا نەسەپێنێ.
ژنانی ناڕازی هەروەها داوایان لە ڕێکخراوە نێونەتەوییەکان و کۆمەڵگەی جیهانیی کردووە کە بە گوشار خستنەسەر تاڵیبان پێش لەو بارودۆخە و گوشارەکان بەدژی ژنان لە ئەفغانستان بگرن.
جێگەی ئاماژەیە کە وەزارەتی ” هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە” امر بە معروف و نهی از منکر”ی گرووپی تاڵیبان لە بڕیارێکی نوێدا ڕووبەندی بۆ ژنان کردۆتە زۆرەملێ و ڕایگەیاندووە کە ئەو ژنانەی سەرپێچی لەو بڕیارە بکەن دادگایی و زیندانی دەکرێن.