باڵوێزی ڕووسیە لە ئێران، ڕەزامەندی ڕووسیەی سەبارەت بەسیاسەت و هەڵویستی ئێران لەهەمبەر دژایەتیکردنی هێزی ناتۆ و پشتیوانی لە ڕووسیە دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتی هەاڵدەرییە نێوخۆییەکانی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ وەزیری درەوەی لەهێستان لە تاران بە ئاماژە بە هێرشی سەربازیی رووسیە بۆ سەر ئۆکراین، وتوویە کە ئێران دژی شەڕ و تیکهەڵچوونە و لەلایەکی دیکەشەوە دژی سیاسەتە زیدەخوازەکانی “ناتۆ”یە.
ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕووسیە سەرەڕای دەربڕینی ڕەزامەندی وڵاتەکەی لەهەمبەر پشتیوانیی ئێران لە هێرشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، باڵوێزی ئەو وڵاتە لە تاران سیاسەتی بەرپرسانی دەوڵەتی ئێرانی سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووسیە لەگەڵ وڵاتانی ئورووپایی بەرز نرخاند و سپاسی بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێرانی کرد.
شایانی باسە کە چەند کاتژمێر پاش هێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ویلادێمیر پوتین، ڕایگەیاندووە کە؛ بەربڵاوی و پەرەسەندنی هێزی ناتۆ هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتانی سەربەخۆ لە ناوچەکەدا و دەبێ پێش لەو هێزە بگیردرێ.
لەلایەکی دیکەشەوە محەممەد محەممەدی گوڵپایگانی، بەرپرسی دەفتەری عەلی خامنەیی، سەرەڕای پشتیوانی لە هێرشی سەربازیی ئەرتەشی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وتی: ئەوە نیشانەی زیرەکی “پوتین”ه بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زێدەخوازییەکانی وڵاتانی ئورووپایی.