ڕۆژنامەی “پۆلیتیکۆ” لە زاری سەرچاوەیەکی ئورووپاییەوەیە ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران ناتوانێ لەسەر هیچ بەڵێنێکی خۆی پێبەند بێ.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕۆژنامەی “پۆلیتیکۆ” لە زاری سەرچاوەیەکی ئورووپاییەوەیە ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای ئەمساڵدا دەیهەویست کە هەموو مەرجەکانی ئەمریکا قەبووڵ بکا بۆ ئەوەی سپای پاسداران لە لیستی گرووپە تێرۆریستییەکانی ئەمریکادا نەمێنی، بەڵام پاش ئەوەیکە دەرکەوت کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو بارەیەوە دەبێ ڕاستەوخۆ بەڵێن بدا و پێبەندی بەڵێنەکانی خۆی بێ، مەرجەکانی واشینگتۆنی بە تەواوی ڕەت کردەوە و دەرکەوت کە تاران ناتوانێ لەسەر هیچ بەڵێنێکی خۆپی پێبەند بێ.
یەکێکی لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێژیمی ئێران ئەوە بوو کە، دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڵێنی ئەوە بدا کە میلیشیا تێرۆریستەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا نەبنە هەڕەشە و مەترسی بۆسەر بەرپرسانی ئەمریکایی و کردەوەی تێرۆریستیی و تێکدەرانە ئەنجام نەدەن و ئەوەیکە لە نێوان تاران و واشینگتۆن لە دانوستانەکانی ڤیەن ڕوویداوە، لەو بابەتانەی کە ئێستا باسی لێوە دەکرێ زۆر قووڵترە، لەبەر ئەوەی ڕێژیمی ئێران تەنیا بەڵێن دەدا ناتوانێ لەسەر بەڵێنەکانی پێبەند بێ هەربۆیە لای ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە بەرجام هیچ متمانەیەکی نەماوە.