سەرۆککۆماری ئۆکراین ڕایگەیاند کە، هێزەکانی ڕووسیە لە ڕۆهەڵاتی ئۆکراین قوتابخانەیەکیان کردە ئامانجی مووشەکەکانیان و لە ئاکامدا ٦٠ کەسی مەدەنی کوژراون.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ولادێمیر زێلینسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراین، ڕایگەیاند کە، هێزەکانی ڕووسیە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین قوتابخانەیەکیان بۆمباران کردووە و لە ئاکامدا بووەتە هۆی گیان لە دەستدانی لانیکەم ٦٠کەس لە خەڵکی مەدەنیی ئەو ناوچەیە، ئەو ٦٠ کەسەی کە کوژراون خەڵکانی دانیشتوی گوندی “بیلۆهۆریۆکا”ـی ناوچەی “لۆهانسک”ـن لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین کە خۆیان لە ژێرزەوینی ئەو قوتابخانەیە حەشار دابوو.
هەر لەو پێوەندییەدا، ئانتۆنی کۆتێرێس، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی بەرانبەر بە مووشەکبارانکردنی ئەو قوتابخانەیە، وتی: لە شەڕدا خەڵکی مەدەنی زۆرترین بەها دەدەن بۆ شەڕ و ڕووسیەش لەو بارەوە پیشێلکاریی یاساکانی مافی مرۆڤ دەکا، هەروەها ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیش وتی: هێرش بۆ سەر ٢٠٠ ناوەندی دەرمانیی وڵاتی ئۆکراینمان بە بەڵگەوە پشتڕاست کردووەتەوە کە ڕووسیە نەدەبا ئەو ناوەندە دەرمانیانەی کردبایە ئامانج کە لەو هێرشانەدا سەدان خەڵکی مەدەنیی بوونەتە قوربانی.