ڕێبەرانی ٧ وڵاتی پیشەیی جیهان، لە کۆتایی دانیشتنی ئۆنلاینی خۆیاندا بە ئامادەبوونی زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکراین، بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە بۆ پشتیوانیی لە ئۆکراین، کڕینی نەوتی ڕووسیە قەدەغە دەکەین.
ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، ڕیبەرانی ٧ وڵاتی زلهێزی پیشەیی جیهان لە بەرەبەرەی ساڵەوگەڕی شکستی ئاڵمانی نازی لە شەڕی جیهانیی دووهەم و ڕۆژی سەرکەوتنی ئورووپا و بە نیشانەی پشتیوانیی لە ئۆکراین بەدژی ڕووسیە لە دانیشتنێکی ئۆنلایندا بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە سەرەڕای پشتیوانیی سەربازیی، ئابووری و مرۆڤدۆستانە لە ئۆکراین، گوشاری زیاتر دەخەینە سەر ڕووسیە و هاوردەکردن و کڕینی نەوتی ڕووسیە بۆ ئورووپا قەدەغە دەکەین.
هەرلەم پێوەندییەدا بۆریس جانسۆن، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە وتی: ڕێبەرانی ناسراو بە گرووپی ٧ بڕیارماندا کە جیهان دەبێ بە کۆدەنگی وبە هەموو شێوازێک گوشاری ئابووری بخاتەسەر ڕووسیە و کۆتایی بە زێدەخوازییەکانی پوتین بهێنی.
لەلایەکی دیکەوە جەوبایدن، سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیی کردنی ئۆکراین و سەپاندنی گەمارۆی زیاتر بەسەر بەشی وزەی ڕووسیەدا.