حشمەتوڵا تەبەرزەدی، سکرتێری گشتیی بەرەی دێموکراتیکی ئێران، سەرەڕای پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی خووزستان، داوای لەهەموو ڕێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان کرد پشتیوانیی لەو ناڕەزایەتییانە بکەن.
چەند ڕۆژ پێش خەڵکی پارێزگای خووزستان، بە ناڕەزایەتیی لەهەمبەر گرانبوونی ٥ هێندەیی نرخی ئارد و نرخی نان، ڕژانە سەر شەقامی شارەکانی سەر بەو پارێزگایە و ڕووبەڕووی سەرکوت و دەسبەسەرکرانی بەربڵاو لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیم بوونەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا حشمەتوڵا تەبەرزەدی، سکرتێری بەرەی دێموکراتیکی ئێران، ڕۆژی یەکشممە ١٨ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئەلعەرەبییە وتی: بەهۆی هەڵاواردنی سیستماتیک و هەڵاواردنی پێکهاتەیی لە خووزستان، دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی پلانمەند دژایەتیی خەڵکی عەرەب دەکەن و سەرەڕای ژێرخانی ئابووری بەهێز لەو پارێزگایە، خەڵکەکەی تووشی هەژاری و بێ دەرتانی زۆر بوون و ئەو پارێزگایە بۆتە ناوەندێکی سەرەکیی بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بەدژی سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ڕێژم.
ناوبراو لەدرێژەی وتووێژەکەیدا وتی: کێشەگەلێک وەکوو گرانی و سەرکوتی خەڵک دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕینی گشتیی لەهەموو شارەکانی ئێران و بەدرێژەی سیاسەتە هەڵەکانی رێژیم و ئەگەری بە کۆپینی کردنی نان و ەکوو سەرەکیترین پێداویستی ژیان لەسەر سفرەی خەڵک، ڕۆژ بەڕۆژ ناڕەزایەتییەکان لەهەموو پارێزگاکانی ئێران پەرەدەستێنی.
تەبەرزەدی، هەروەها وتی: داوا لەهەموو ڕێکخراوە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوە و نێو خۆی ئێران دەکەین کە پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لەهەمبەر گرانی و هەژاری بکەن.