ئاخووندێکی ڕێژیم لەسەر گرانی و برسییکردنی خەڵکی ئێران هۆشداری بە دەوڵەتی ڕەئیسی دەدا و دەڵێ: ئەگەر ئابووری وڵات نەبووژێتەوە دەبێ چاوەڕوانی شۆڕشی برسییەتی بکرێ.
ڕۆژی هەینی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، محەممەدتەقی فازڵ مەیبۆدی، ئەندامی کۆڕی لێکۆڵەران و مامۆستای حەوزەی حیلمیەی ڕێژیم لە شاری قوم، لەسەر گرانیی و برسیکردنی خەڵکی ئێران هۆشداری بە دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی دا و وتی: ئەگەر بە شێوەیەک ئابووری وڵات نابووژێتەوە و گرانیی و دۆخی ژیانی خەڵک ئاسایی نەبێتەوە بە دڵنیاییەوە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێ کە شۆرشی برسییەتی سەر هەڵبدا و شۆڕشێکی مەترسیدارتر لە “ئینقلاب” دەبێ و ئەگەر دۆخی ئابووری بەم شێوەیە بڕوا، ئەوە دەوڵەتی ڕەئیسی کۆتایی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبێ.
هەروەها ناوبراو لە درێژەدا داوای لە ڕەئیسی کرد کە هەتا درەنگ نەبووە بە زووترین کات چارەسەرێک بۆ دۆخی ژیانی خەڵک بدۆزێتەوە، تا کەی دەتوانرێ بە قسەی ناراست و بەڵێنە بێ بنەماکان خەڵک هیوادار بکەن بە ژیان، خەڵکی ئێران تا ئەو ڕاددەیە دۆخی ژیانیان خراپە کە هیچ داواکاری ڕێگەوبان و خزمەتگوزاریان نییە بەڵکوو هەموو داواکاریی خەڵک ئەوەیە کە کەلوپەلە خواردەمەنییەکان هەرزان ببێ و بتوانن لە برسییەتی خۆیان ڕزگار بکەن، ئەوە چارەسەر نییە کە دەوڵەتی ڕەئیسی نانی وا لیکردووە دەبێ بە کارتی یارانە نان وەربگیردێ، بە تایبەت نرخی نان زۆر زیاتر لە ئاستی خۆی گرانتر بووە و دۆخەکە هەر ئاوا بێ بە دڵنیاییەوە ئەم دەوڵەتە کۆتا دەوڵەتی ڕێژیمی ئێران دەبێ.