ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، سەرەڕای دەربڕینی نێگەرانییەکانی لەهەمبەر دەسبەسەر کردنی ناڕەوای مامۆستایان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی رێژیمەوە داوای ئازادیی خێرای ئەو مامۆستایانە دەکا.
ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، ڕۆژی هەینی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا سەرەڕای دەربڕێنی نیگەرانییەکانی لەهەمبەر دەسبەسەرکرانی مامۆستایانی ناڕازیی نووسی: لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا زیاتر لە ٣٨ مامۆستا لە هەموو شارەکانی ئێراندا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و زیاتر لە ١٧ کەسیان وتەبێژی کانوون سینفی مامۆستایانی ئێرانن کە تا ئێستا دەسبەسەرن و چارەنووسیان ناڕوونە.
ئەنجۆمەنی سینفی مامۆستایانی ئێران لەماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوەبردن وبەرپرسایەتیی ناڕەزایەتییە گشتییەکانی مامۆستایان لە ئەستۆ بووە و بەرپرسانی رێژیمی ئێران بەجێگەی ئەوەیکە وڵامی خواست و ویستەکانی مامۆستایان بدەنەوە، وێڕای سەرکوت کردنی مامۆستایان، دەسبەسەر و ئەشکەنجەیان دەکەن.
جێگەی ئاماژەیە کە سەرەڕای هەوڵەکانی رێژیم بۆ سەرکوت ودەسبەسەرکردنی مامۆستایان، مامۆستایانی ئێران و کوردستان بەشێوەیەکی مەدەنییانە لەهەموو شارەکانی ئێران درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان دەدەن و دەستبەرداری خواست و ویستەکانیان نابن.