وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا: دەوڵەتی بایدێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەهەموو شێوازێک کەڵک وەردەگرێ و پێش لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە دەگرێ.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ١٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە کاردانەوە و پشتیوانیی کردن لە دوو پەسەندکراوی مەجلیسی سێنای ئەمریکا وتی: ئێمە سەبارەت بە نێگەرانییەکانی مەجلیسی سێنا سەبارەت بە تێرۆریست بوونی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، پشتیوانیی لە تێرۆریزم لەلایەن سپاوە و هەروەها بەربڵاوەی و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیک لەلایەن سپای پاسدارانەوە لەگەڵ مەجلیسی سێناهاوڕاین، بۆیە دەوڵەتی جەو بایدن، ساڵی ڕابردوو گەمارۆی زیاتری بەسەر بەرنامەی مووشەکی بالستیک و سپای پاسدارانی رێژیمی ئیراندا سەپاندووە.
جێگەی ئاماژەیە کە؛ مەجلیسی سێنای ئەمریکا، بە ٦٦ دەنگی ئەرێنی، پڕۆژە یاسایەکیان پەسەند کرد کە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، دەبێ سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بمێنێتەوە.
وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەدرێژەدا دڵنیایی بە ئەندامانی مەجلیسی سێنای ئەمریکا دا کە لەئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن وبووژانەوەی ڕێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ رێژیمی ئێراندا، دەوڵەتی بایدن بەردەوام دەبێ لە دڕێژەدانی سیاسەتی خۆی بەدژی هەوڵە ناسەقامگیرکەرەکانی رێژیمی ئێران بە تایبەتیی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ئەوە ڕێژیمە لە دەروەی سنوورەکانی ئێران.