ڕۆژنامەی “ئافتون بلادێت”ی سویدی: گەشتیارێکی سۆئیدی لە ئێران دەسبەسەر کرا.
بەپێی ڕاۆپۆرتی ڕۆژنامەی “ئافتون بلادێت”ی سویدی، گەشتیارێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی سۆئێدی حەتووی ڕابردوو لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەو ڕۆژنامەیە نووسیویە کە هۆکاری ئەو دەسبەسەر کردنە هاوکات بوو لەگەڵ هوشداری وەزارەتی دەرەوەی سوید، کە دوای دادگایی کردنی “حەمید نووری” داوای لە هاووڵاتیانی سویدی کردبوو کە خۆ لە سەفەر کردن بۆ ئێران بپارێزن.
حەمید نووری، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی لەسێدارەدانەکانی زیندانی گەوهەردەشتی کەرەج لە ساڵی ٦٧ی هەتاوی، کە لە وڵاتی سوید دەسبەسەر کرا و لەلایەن دادگای ئەو وڵاتەوە بە تاوانی جینایەت دژەمرۆڤایەتی تاوانبار و لەلایەن دادستێنی سوئێدەوە قورسترین سزای بۆ دیاری کراوە.
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دوایین دانیشتنی دادگایی کردنی ناوبراو هەواڵدەریی ئیسنا کە سەر بە ڕێژیمی ئێرانە لە ڕاپۆرتێکدا هەواڵی جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەحمەدڕەزا جەلالی زنیدانی ئێرانی ـ سویدی، تا کۆتایی مانگی داهاتوو بڵاو کردەوە.
ڕێژیمی ئێران بە دەسبەسەر کردن و بە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی خاوەن دووڕەگەزنامە و ئەو بیانیانەی کە سەردانی ئێران دەکەن، تۆمەتی سیخوڕیان وەپاڵ دەدا و دواتر بۆ ئازادکردنیان لە وڵاتانی ڕۆژاوایی باج وەردەگرێ.