ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی: بەرپرسانی رێژیمی ئێران گاڵتە بە گیان و تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە بەندکراوی سیاسیی کورد دەکەن.
ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەهەمبەر بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسی و ژنە دووگیانی دەسبەسەرکراو لە بەندیخانەی ورمێ، کە بە نیشانەی ناڕوونیی چارەنووسی مانی لە خواردنی پێخوەر و دەرمان گرتووە، ڕایگەیاندووە: “دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمار.”
سوعدا خەدیرزادە تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی پیرانشار ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار دەستبەسەر و بۆ بەندیخانی ورمێ گوازرایەوە. ناوبراو دوای ٢٥ ڕۆژ و تەواوبوونی لێپرسینەوەکانی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازرایەوە و لەو کاتەوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت لە بەندی ژنان ڕاگیراوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی تایبەت بە قۆناغی دووگیان بوون بێبەش کراوە.
ناوبراو کە دووگیانە و کۆرپەلەکەی ٨ مانگانە لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕەوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٧ مانگ ناڕوونیی چارەنووسی لە بەندیخانە، مانی لە خواردن گرتووە.