نەبوونی ئەمنیەتی شوغڵی به سەرەكیترین گیروگرفتەكانی ژنانی كرێكار لە ئێران دادهنرێ.
سۆهەیلا جێلهودارزادە، ئەندامی پێشووی مەجلیس وێڕای ئاماژە بە نەبوونی ئەمنیەتی شوغڵی وەك سەرەكیترین نیگەرانیی ژنانی كرێكار له ئێران گوتی، زیاتر لە ٢ میلیۆنو ٥٠٠ هەزار ژن لە ئاستی ئێراندا بەدوای كاردا دەگەڕێن.
ناوبراو گوتی پاش تێپەڕینی ٣٦ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا هێشتا ژنانی ئەم وڵاتە ئەوەیان بۆ یەكلا نەكراوەتەوە كە ئاخۆ دەبێ كار بكەن یان نا؟ ئهو دهڵێ زۆربەی ژنانی كرێكار له بونگاكانی ئابووریو بەرهەمهێناندا گرێبەستی كارییان نییە و ئەگەر ههشبێ بۆ ماوەی ١ تا ٣ مانگە.
سۆهەیلا جێلهودارزادە لە هاوینی ساڵی ڕابردووشدا لە وتووێژێكدا گوتبووی بەپێی ئامارەكان تا چەند ساڵ لەوە پێش نزیك بە ٣٠٠ هەزار كرێكاری ژن لە ژێر چاودێریی بیمەی دابینكردنی كۆمەڵایەتیدا بوونو كاریان دەكرد بەڵام ئێستا ژمارهی ئەم ژنانە بۆ ١٠٠ هەزار كەس دابەزیوە.
ئەم ئەندامەی پێشووی مەجلیسی شورای ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی كرێكارانو جیاوازیی مووچەی كرێكارانی ژنو پیاو لە كارخانەكان گوتی له زۆربهی كاتەكاندا ژنان یەك لە سێ لانیكەمی حهقدهستی دیاریکراو له قانوونی كاریان پێ نادرێ.
شەهێندوخت مەولاوێردی، جێگری حەسەن ڕۆحانی بۆ كاروباری ژنانو خێزانیش نرخی بێكاریی ژنانی خوێندەواری زانكۆ لە ئاستی ئێرانی زیاتر لە سەدی ٤٠ ڕاگەیاندوه.
بەپێی ئامارە ڕەسمییەكانیش نرخی بەشداریی ژنان لە ئابووریی وڵاتدا نزیك بە سەدی ١٥ و نرخی بێكاریی ئەوان نزیك بە ٣ هیندهی پیاوانە.
كورووش پەرەند، جێگری وەزیری كاری دەوڵەتیش پێی لهوه ناوه كە بێكاری لە نێو ژنانی دهرچووی زانكۆدا نزیك ٣هیندهی پیاوانەو لە هەر ٣ ژنی دهرچووی زانكۆ یەكیان بێكارە.