بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له هه‌ركام له به‌شه‌كانی كوردستان دەریایەک خوێنی بۆ سەربەستیی خاک و نیشتمان بەخشیوە. زیندان و ئه‌شكه‌نجه و دوورخرانه‌وه، ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری، سووتمان و ماڵوێرانی و تاڵان‌و ڕاووڕووت بەشێکی بچووک لە مێژووی ئەو نەتەوە خەباتکارەن. چڵه‌پۆپه‌ی ئەو فیداكاری و قوربانیدانەش گیانبه‌خشین و شه‌هیدبوون له پێناوی بیر‌و باوه‌ڕ و گه‌ل و نیشتماندایه
جێگای شانازی و لە هەمان کاتدا هیوا بە سەرکەوتن ئەوەیە کە ئەو نەتەوەیە قەت کۆڵی نەداوە و هیچ زۆڵم و زۆرییەکی لە داگیرکەران قەبووڵ نەکردوە. هەرچەند ئەو ڕێژیمە بە هەموو جۆرە پیلانێک، دژی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان جووڵاوەتەوە، بەڵام لاوان و شیرەکوڕانی کوردیش لێ‌بڕاون کە کۆڵ نەدەن و ئەو کاروانە ڕێی خۆی هەتا دوائامانج هەر بپێوێ. سینگی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕیزی پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە پڕە لە بەسەرهاتی ئەو ڕۆڵە بەجەرگانە کە لە هەگبەی “شاخ و شۆڕش”ی ئەمجارەدا ناو و یادی یەکێکی دی لەوان بەرز ڕادەگرین.
شەهید ئەسەدوڵڵا سولێمان‌پوور ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی دەستڕۆیشتووی ئاوایی قاراوای ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز لەدایک بوو. باوکی شەهید ئەسەد پێشمەرگەی کۆمار بوو، ئەمەش وای کردبوو کە هەر لە سەرەتاوە بە بیری کوردایەتی و نیشتمانپەروەری گۆش بکرێ. ئەسەد خوێندنی سەرەتایی لە گوندەکەی خۆیان تەواو کرد و پاشان بۆ پلەکانی بەرزتر و درێژەدانی خوێندن چووە سەقز و پاش وەرگرتنی دیپڵۆم بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ڕیزی “سپای دانش” و لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارەدا دەرسی بە منداڵان گوتەوە. ئەسەد دوای تەواوکردنی ماوە سەربازییەکەی لە سپای دانشدا، وەک مامۆستای قوتابخانە دامەزرا و لە گوندەکانی “ئاقڵاوە” لە ناوچەی سەرشیوی سەقز، قاراوە، مەندیل بەسەر، قاقڵاوەی بۆکان و پاشان قوتابخانەکانی نێو شاری سەقزدا قۆڵی لە بارهێنان و پەروەردەی منداڵانی نیشتمانەکەی هەڵماڵی.
شەهید ئەسەد هەرچەند لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەنددا گەورە ببوو، بەڵام هیچ کات ژیانی دەوڵەمەندانەی بەلاوە گرینگ نەبوو، و هەمووکات لە بیری هەژاراندا بوو. ئەو سەبارەت بە تێکەڵاویی زۆری لەگەڵ خەڵک خرایە ژێر چاودێریی “ساواک” و تەنانەت دواجار لە شوێنی ژیانی دوور خرایەوە و پاش لەرزۆکبوونی بناخەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو کە گەڕایەوە زێد و نیشتمانی خۆی.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا كه ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران دژی حكوومه‌تی دیکتاتۆریی پاشایه‌تی ده‌ستی پێ كردبوو، شەهید ئەسەد لە هەموو خۆپێشاندانەکانی شاری سەقز بەشداری کرد و وەک لاوێکی بەهەست خەڵکی لە دژی ڕێژیمی پاشایەتی هان دەدا. بە دوای تێکڕووخانی حكوومه‌تی پەهلەویشدا کە، فه‌زایه‌كی ئازادی سیاسی و شۆڕشگێڕانه هەموو ئێرانی داگرت و تێكۆشانی ئاشكرای حیزبی دێموكرات ده‌ستی پێ كردەوە؛ ژیانی شەهید ئەسەد ئاراستەیەکی دیکەی بە خۆوە گرت.
شەهید ئەسەد بیروڕای پیرۆزی کوردایەتی و هەست کردن بە چەوسانەوەی نەتەوەکەی، پارێزگاری لە ماف و ئازادییەکانی گەلەکەی، ڕزگاربوون لە چنگ زۆرداری، ڕزگاریی خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی، له‌و ڕێگایه‌دا په‌یدا كردبوو كه حیزبی دێموكراتی كوردستان بۆ گه‌لی كوردی ده‌ستنیشان كردبوو؛ بۆیە ڕیزه‌كانی حیزبی دێموكراتی هه‌ڵبژارد و، بووه پێشمه‌رگه و له هێزی “عەزیز یوسفی”ـی ئەوکاتدا ده‌ستی به خه‌بات و تێكۆشان كرد. ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازا و قاره‌مان، پارتیزانێكی هه‌ڵسووڕ و كوڕی ڕۆژی ته‌نگانه بوو. له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ئه‌وكاتی ناوچه‌ی سەقز و دیواندەرەدا ڕۆڵێکی به‌رچاوی هه‌بوو. شەڕەکانی نێوشاری سەقز، دیواندەرە، گەردەنەی فیلان، تاقی نێوان ئێرانشا وسوننەتە، کەلی مەحمووداوا، کەچەڵ مییان، جادەی قەوخ و شەڕەکانی سەرشیوی سەقز نمونەیەکی بچووک لە ئازایەتی و حەماسەخوڵقێنیی شەهید ئەسەد سولێمانپوورن. لەخۆبوردوویی، بڕوابەخۆبوون و پێداگریی زۆر لەسەر بەڕێوەبردنی ئەرکە پێ‌ئەسپێردراوەکانی حیزب و هەروەها ڕێز و خۆشەویستی لەنێو خەڵکدا و دڵسۆزی و فیداكاری لە کردەوە پەسەندەکانی ئەسەد سولێمان‌پوور بوون.
شەهید ئەسەد به تێكۆشانی بێوچانی و به هه‌ڵمه‌تی دوژمنشكێنی نیشانی دا شیاوی پله و به‌رپرسایه‌تییه و، بۆیە پلەکانی سەرپەل، سەردەستە و فەرماندە لکی پێ ئەسپێردرا. ئەو له كاری فه‌رمانده‌ییدا ڕۆڵه‌یه‌كی كارلێهاتوو و ئازا و بەبەرنامە بوو. به‌چه‌شنێك كه قاره‌مانه‌تی و نه‌ترسیی ئەو له ناوچه‌ی سەقزدا ده‌نگی دابۆوە و هەر بۆیەش وەک جێگری فەرماندەری هێز وفەرماندەری عەمەلیات لە هێزی شەهید عەزیز یۆسفی دیاری کرا.
شەهید ئەسەد بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدا كه شیاوی ئه‌م پله و بەرپرسایەتییە، پتر كاری ده‌كرد و زیاتر له ئه‌ندازه خۆی ماندوو ده‌كرد. هه‌ست به مه‌سئولییه‌ت و تێكۆشان بۆ فێربوون و هه‌وڵدان بۆ خه‌بات دژی ڕێژیمی ئاخوندی و بەڕێوەبردنی چەندین عەمەلیاتی سەرکەوتووانە، تایبه‌تمه‌ندی هه‌ره به‌رچاوی ئەسەد سولێمان‌پوور، سێهەمین شەهیدی ئەو بنەماڵە خۆشناوە بوو.
ڕۆژی ٢٤ی پووشپەری ساڵی ١٣٦١ لە دوو کیلومیتریی شاری سەقز لە شوێنێک بە ناوی “پلەی ئاسانە” هێزێکی زۆری جاش و پاسدار هێرش دەکەنە سەر تیمێک لە پێشمەرگەکان و گەمارۆیان دەدەن. پاش شەڕێکی قارەمانانە، له‌م شه‌ڕه حهماسییەدا بوو كه لاوی تێكۆشه‌ر، كوڕی ماندوونەناس، پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشگێڕی دێموكرات ئەسەد سولێمان‌پوور لەگەڵ هاوسەنگەرێکی دیکەی (عوسمان گەڵباغی ناسرا بە عوسمانی گوڵشەن) شه‌هید بوون و خوێنی سووریا‌ن له پێناو ڕزگاری و دیفاع له ئازادی و به‌خته‌وه‌ریی نەتەوەکەیاندا ڕژایه سه‌ر خاكی پیرۆزی نیشتمان.
سەنگەری خەباتیان هەمیشە ئاوەدان.