(ابولحسن تفرشیان) کە بە ڕەچەڵەک فارسە و لە کۆنە ئەفسەرە چەپەکانی ئەڕتەشی ئێران بووە؛ چارەنووس دەگەڵ هەندێک لە هاوبیرانی هەڵیاندەدێرێتە کۆماری کوردستان. دەگەڵ تێکچوونی کۆمار وێڕای بارزانییەکان و بەشێک لە پێشمەرگەکانی کۆمار بە فەرماندەیی کاپیتان حەمەدی مەولوودی، دەگەڵ ئەڕتەشی ئێڕان شەڕ دەکەن و پاشی پاشەکشەی هێزە کوردییەکان بەرەو سنووری عێڕاق، ئەوانیش دەگەڵ کوردەکان خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی عێڕاق دەکەن. تەفریشیان لە کتێبەکەیدا بە ناوی (قیام افسران خراسان)، بیرەوەرییەک لە شەهیدی هەرگیز نەمر خەیروڵڵا عەبدولکەریم و دایکی دەگێڕێتەوە کە بە پێویستم زانی وەریگێڕمە سەر زمانی کوردی تا زۆرینەی کورد ئەو بەسەرهاتە بزانن کە دڵنیام کەمترین کورد لێی ئاگادارە. تەفرێشیان ئاوا دەگێڕێتەوە: لە زستانی ساڵی ١٩٤٦ز لە شاری شنۆ، دەگەڵ کوڕێکی لاو ئاشنا بووم کە ناوی “خەیروڵڵا” بوو. لەبەر ئەوەی هەموویان بە “خەیری” بانگیان دەکرد، بۆیە منیش لێرەدا هەر بە خەیری ناوی دێنم. ئەو لە ئەفسەرە کوردەکانی ئەڕتەشی عێڕاق بوو کە پەیوەست بە شۆڕشی بارزانییەکان ببوو. پلەی سەروان (قائدالمنتخب – Captain) بوو و دەگەڵ بارزانییەکان هاتبوو بۆ ئێران و تێکەڵ بە ئەڕتەشی حکومەتی میللی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی قازی محەممەد ببوو، و لە مەهاباد دەگەڵ کچێکی یەکجار جوان زەماوەند کردبوو. لەپاش هێرشی ئەڕتەشی ئێران، ئەویش هاوڕێ دەگەڵ بارزانییەکان پاشەکشەی کرد.
سەروسەکوتی لە پیاوێکی چل ساڵە دەچوو، بەڵام ئاکار و هەڵسوکەوتی بەتایبەت کاتێک کە بە سواری ئەسپەوە دەتدی، ئەوەندە شارەزا و لێهاتوو بوو دەتگوت ئەو لاوە تەمەنی لە ٢٥ ساڵ تێناپەڕێ، لە ڕادەبەدەر هەڵسووڕ و گورجوگۆڵ بوو، ورەی بەرز و کەسێکی گەشبین بوو. تەنانەت گەر هەواڵێکی لە ڕادەبەدەر ناخۆشیشی بیستبا، ئەو لایەنێکی گەشبینانەی لێ دەدۆزییەوە.
کەسێکی ئێلی بارزان ڕادیۆیەکی کۆنی هەبوو کە بە باتری کاری دەکرد. هەندێک شەو کە دەرفەتمان نەدەبوو گوێ بگرینە دەنگوباسەکان، بۆ سبەی خەیری دەهات و گشت دەنگوباسەکانی بە شرۆڤەکانەوە بۆ دەگێڕاینەوە، ئاخر ئەو یەک لە گوێگرانی توندوتۆڵی ڕادیۆ و دەنگوباسەکانی بوو. بۆ وێنە کاتێک ڕادیۆ مەسکەو دەیگوت کە: “لە دم و فڵچی دمدرێژەکان دەدەین”، خەیری دەهات و بۆی شرۆڤە دەکردین کە ئیتر لە سبەی تاوهەڵاتان ڕا، ئەڕتەشی سوور لە باکووری ئێرانەوە هێرش دەکاتە سەر ئێران و ئەو ئەڕتەشە دڕەی ئێران لەتوپەت دەدا و سەرلەنوێ دەوڵەتی میللیی کوردستان دادەمەزرێتەوە.
ئەرکی خەیری دابینکردنی خواردەمەنی بۆ بارزانییەکان بوو. هەرکات لە سەفەری کڕین و دابینکردنی خواردەمەنییەکانی ئێلی بارزان دەهاتەوە، کۆمەڵێک دەنگوباسی تایبەت بە خۆی بۆ دەهێناینەوە:
“فڵانە عەشیرەت پشتی قورئانیان مۆر کردوە و سوێندیان خواردوە کە گەر بێت و شەڕ هەڵبدات، پشتی بارزانییەکان دەگرن”، “فڵانە هۆز ڕق و قینی خۆی بەرانبەر بە ئەڕتەشی شای دەربڕیوە”، “باوکی سەرۆکی فڵانە عێل کە لە سەردەمی ڕەزاشادا کوژراوە، گەر عەرز و ئاسمان سەر لێکدەن، ئەوانە هاوکاریی لەشکری ئێران ناکەن”و… . ئیتر لەو چەشنە خەبەرانەی بۆ دەهێناینەوە. کورت و کرمانجی، لە گشت دەنگوباسەکانیدا وا دەردەکەوت کە تەواوی گەلی کورد یەکگرتووانە لە پشتی بارزانییەکان وەستاون، گەر بێتو هۆردووی ئێران یەک فیشەک بهاوێژێ، ئەوە تورتوتوونا دەبێ. خەیری جگە لەوەی بۆخۆی لاوێکی زۆر گەرم و گەشبین بوو، ئەو گەشبینییەشی دەڕشاندە دەوروبەرییەکانی.
لە شنۆیە ڕەنگە ئێستا هەبن کەسانێک کە شایەدی بۆ ئەوە دەدەن کە خەیری چەندە بنەماڵەکەی خۆی خۆش دەویست و چ پێوەندییەکی دڵسۆزانە، دلۆڤانە و مێهرەبانانەی دەگەڵیان هەبوو. من بە چاوەکانی خۆم بینەری ئەوە بووم کە ژنبرا گچکەکەی خۆی هێنابوو بۆ حەمام و وەک منداڵی خۆی بە ناز و دڵسۆزییەکی لەڕادەبەدەر دەیشوشت و ویشکی دەکردەوە. خەیری بەڕوونی پێشانی دەدا کە نەتەنیا پێاوێکی دلێری گۆڕەپانی شەڕ و ماندوونەناس بوو، بگرە بە واتای وشە، پیاوێکی ئەرکناس بۆ بنەماڵەکەی بوو.
بەڵێ؛ ئەڕتەشی ئێران هێرشی کرد و بارزانییەکان دوای شەڕێکی چەند ڕۆژە، لەڕووی ناچاری بەرەو سنوورەکانی عێڕاق پاشەکشەیان کرد. لە گەرمەی پاشەکشەکەدا خەسوو و ژنبراکەی لە شنۆ مانەوە بەڵام هاوژینەکەی دەگەڵی هات.
بەسەرهاتی ئێمە لەسەر سنووری عیڕاق ڕا دەست پێ دەکا. ئێمە چەند ئەفسەر بووین کە لەو پاشەکشەیەدا هاوڕێی بارزانییەکان بووین. لێرە لەسەر سنوور کە هەموومان لێمان قەوماوبوو، هاوکات سەردانی ئەو بنەماڵانەمان دەکرد کە دەمانناسین تا بزانین چۆنن؟ سڵامەتن! لەپڕ تووشمان بە تووشی سەروان خەیری کەوت کە لە جێگاوبانەکەیدا درێژ بووە و دەناڵێنێ. تایەکی توندی هەبوو و جارجارەش وڕێنەی دەکرد و هەتەران و پەتەرانی دەگوت. زۆربەی کوردەکان بە دوو یا سێ پلە لە دە لە هاڵاو، هاواریان دەگەیشتە ئاسمان جا چ بگا بە خەیری کە پلەی تای گەیبوویە دوو یا سێ هیندە. لەپڕ سەری هەڵێنا و بە نیشانەی دڵخۆشبوون بە دیدارمان، سەری جووڵاند. داوای لێ کردین لەلای دانیشین و پاشان بەدەم ناڵینەوە بە زمانی تورکی گوتی: “داواتان لێ دەکەم هاوسەرەکەم قاییل بکەن بگەڕێتەوە مەهاباد، من نەخۆشم و ناچاریشم خۆم ڕادەستی دەوڵەتی عێڕاق بکەمەوە. لە ئەڕتەشی عێڕاقدا لە دوورەوە بە لەسێدارەدان حوکم دراوم، ڕوون نییە چ چارەنووسێک لە چاوەڕوانیمدایە! هاوژینمەکەم دەبێتە بەربەست لەبەر ژیانمدا و زیاتر ئازارم دەدا و خەمی لێ دەخۆم و ورەم دادەبەزێنێ، جگە لەوەی جوان و خانمیشە … تکایە داوای لێ بکەن بگەڕێتەوە بۆ مەهاباد، با خەمی ئەویش نەخۆم.
ئێمە دەماندی کە ژنەکەی وەک پەپوولە بە دەوریدا دەهات و دەچوو و ورەی دەدایە و دەیگوت: “خەم مەخۆ خەیری گیان، زوو چاک دەبێوە…” کاتێکیش کە خەیری باسی گەڕانەوەی هاوژینەکەی بۆ مەهابادی دەگەڵ کردین، ژنەکەی هاتە دەنگ و گوتی: “لەخۆڕا پەلەقاژە مەکە و خۆت ماندوو مەکە، هەموو ئەو قسانەت پێشتر بەخۆم گوتوە، قسەی ئەو بەڕێزانەی هاوڕێشت هەر بارتەقای داواکەی خۆت لام بڕ دەکات. ئاستەمە من تۆ لەو دۆخەدا بەجێ بهێڵم، من ژنی تۆم و لە هەر دۆخێکدا و لە هەر شوێنێک بی و بۆ هەر شوێنێک بچی، دەگەڵت دێم و لە چارەنووستدا هاوبەشم و تا ئەوکاتەی گیانت لەبەربێ، لەپەنات نابزووم و گەر مردیشی…”
لێرەدا ڕووی وەرگەڕاندەوە لای ئێمە و بەو مانایەی کە قسەی ئەوانەش کارم تێ ناکات. ئێمەش کە دەشمانزانی قسەکانمان کاریگەریی لەسەر ژنەکەی خەیری نییە دیسانیش هەر پێمان گوت: “لەبەرئەوەی تۆ ژنێکی جوان و جحێڵی و بەتایبەت کە ژنی کەسێکی کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕاوەتەوە، بە دڵنیاییەوە لە عێڕاق کۆمەڵێک مەترسیت لەسەر دەبێ. ڕەنگە بێڕێزیت پێ بکرێ و تەنانەت هەتکیشت بکەن، لە دۆخێکی ئاوادا ئازارەکانی مێردەکەت زیاتر دەبێ و ورەی زیاتر دەڕووخێ. ئەگەر مێردەکەت خۆش دەوێ دەبێ بگەڕێیەوە مەهاباد. بەگشتی ئەنجامی کارەکە لە دوو حاڵەت بەدوور نییە، یان مێردەکەت ئازاد دەکرێ و دێتەوە لات لە مەهاباد، یان لەسێدارە دەدرێ و ئەوکات چ فەرقێک ناکا کە لە مەهاباد بی یان لە بەغدا… .”
دیار نەبوو کە قسەکانمان کاریگەریی لەسەر ئەو ژنە دانا یان نا! بەڵام کاتێک خەیریمان لە عێڕاق دیتەوە ژنەکەی دەگەڵی نەبوو. ئێمەش بۆ ئەوەی خوێ نەپڕژێنینە نێو برینەکانی چمان لێ نەپرسی. وا وێدەچوو کە گەڕابێتەوە بۆ مەهاباد.
ئێمە لە خاکی عێڕاقدا و لە ناوچەیەک بە ناوی (بافستیان) کە ناوەندی هێزەکانی ئەڕتەشی عێڕاق لەوێ بوون، دیسان دەگەڵ خەیری بەیەک گەیشتینەوە. ئەو ئێستاش هەر نەخۆش بوو و چاک نەببۆوە، بەڵام ئەفسەرانی ئەڕتەشی عێڕاق، بەهۆی ئەوە کە پێشتر خەیرییان دەناسی، لە بواری داو و دەرمانەوە چاکی پێ ڕادەگەییشتن. بۆ ڕۆژێک دواتر وڵاخێکیان بۆ هێنا و ئەویان سواری وڵاخ کرد و ئێمەش بەپێیان وەڕێ کەوتین تا ناوچەیەک بە ناوی دیانان. ڕووداو لە دیانانەوە ئاوا دەستی پێ کرد.
دیانان یەکەم خاڵی سنووری بوو کە جادەی ماشێنڕەوی پێدا دەهات، لەوێڕا ئێمەیان سواری ماشێنێنکی پشتئاوەڵە کرد. ئێمە زیندانییەکانیان دووبەش کردبوو و لە دوو ماشێندا جێیان کردبوینەوە و دوو ماشێنی سەربازیش (مصفحە) پاسەوانییان لێ دەکردین. دوو یان سێ کیلۆمیتر لە دیانان دوور نەکەوتبووینەوە کە لەلای چەپی جادەکەوە ژنێکمان دیت کە بە شڵەژاوی و ترسێکی زۆرەوە بەرەو جادەکە هەڵدەهات و بە هات و هاوار شتێکی دەگوت. کە لێمان نیزیک بۆوە گوێمان لێ بوو کە دەیگوت: “کوڕم خەیری، کوڕم خەیری!”
پاشان خۆی بە سینگی ماشێنەکەمان دادا. خەیریش سەری هاویشتە بنەوە و خۆی شاردەوە بە بێدەنگی بە منی گوت: “ئەوە دایکمە، پێی بڵێن کە من لێرە نیم.”
بەڵام نە ئێمە زمانی دایکیمان دەزانی و نە شۆڕتەکان (پۆلیسەکان) ئیزنیان دەدا کە قسەی دەگەڵ بکەین. ماشێنەکە لەبەر دایکی خەیری ڕاوەستابوو و نەیدەتوانی بڕوا. دوو شوڕتە هاتنە خوار و دایکی خەیرییان لە ماشێنەکە دوور کردەوە و لە قەراخی جادەکە دایاننا. هەرکە ماشێنەکە وەڕێ کەوت، وەک برووسکە خۆی گەیاندەوە ماشێنەکە و خۆی هاویشتە بەر تەگەرەکەی و خۆی بە سینگی ماشێنەکە دادایەوە. ئەو ڕووداوە دوو یان سێ جاران ڕووی دایەوە. لە کۆتاییدا شوڕتەکان توندوتیژییان نواند و لاقی دایکی خەیرییان گرت و چەند میترێک لەسەر جادەکەی خشاندیان و لە جۆگەیەکی قەراخ جادەکە فڕێیان دا و بە تیژی خۆیان لە ماشێنەکە هاویشت و پێیان بە گازەوە نا بۆی دەرباز بوون.
کەس نەیزانی ئەو ژنە لەکوێ ڕا خەبەریان پێ دابوو کە کوڕەکەی لەو ماشێنەدایە. بەڵام وەڵامەکەی هەرچێکی بێ، سەرلەنوێ لە مزڵی داهاتووماندا کە خێوەتێکی بنکەی ئەڕتەش بوو، دایکی خەیری لەبەر دەممیان قوت بۆوە. ئەو بنکەیە لە پەنای گوندێک بوو. هەر کە لە ماشێنەکان هاتینە خوار، دایکی خەیریمان دی کە لە پەنای خێوەتەکانی ئەو بنکەیە کرووشمەی کردوە و چەنەی لەسەر ئەژنۆکانی داناوە و دەڵێی پێشوەخت ملبەشوێنی ملبەکوێنبوونە. ئێستا چۆناوچۆن و بە چ ماشێنێک، پێش گەییشتنمان بۆ ئەو بنکەیە، خۆی گەیاندۆتە ئێرە؟ پرسیارێکە کە هەنووکەش وەڵامەکەییم نەدۆزیوەتەوە. نەتەنیا من بگرە هەمووکەس بە شوڕتەکانیشەوە سەریان سووڕمابوو. مرۆڤ تەنیا دەتوانێ هەست بکا کە ئەوە هەستی پاک و ڕۆحی پەپوولەئاسای دایکانەیە کە بەرامەی کوڕەکەی دەکا و بۆ هەر شوێنێک و بە هەر نرخێک بێ، خۆی دەگەیەنێتە کوڕەکەی تا بەڵکوو بتوانێ لە قۆرتانی قوتار بکا.
بۆ شەو بردیانین بۆ قەڵایەک کە گۆیا بنکەی شوڕتەیە. بە نێوبژیوانییەک و پاڕانەوەیەکی ئێمە، هەروەها پێدانی بڕەپارەیەک، شوڕتەکان قاییل بوون کە خەیری و دایکی بۆ چەند خوولەکێک یەکتر ببینن. لەو دیدارە کورتەدا دایکی خەیری بێئەوەی یەک وشە قسان بکا، تەنیا لە ڕووخساری کوڕەکەی دەڕوانی و لێی ڕادەما. وەک بڵێی هەموو جەستەی چاو بوو. بە هەموو توانا و بڕستێوە لە کوڕەکەی دەڕوانی، بەو ڕوانینانەی دەیویست هەرچی مێهرەبانی و سۆزی دایکانەی دونیا هەیە، پێشکەش بە کوڕەکەی بکا. وەک ئاشقێکی سووتاو لە کوڕەکەی دەیڕوانی، بەو ڕوانینە بێدەنگەی، گشت قسەی دڵ و دەروونی دەکرد. تەنیا یەک وشە کە لەزاری هاتە دەر کە ئەوە بوو: “کوڕم، خەیری!… ”
هەڵبەت خەیری ناوبەناو قسەی دەکرد، هەندێک شتی بە دایکی دەگوت. پێموابێ دڵداریی دەدایەوە و ئەهوەنی دەکردەوە و داوای لێ دەکرد کە بچێتەوە ماڵێ، بەڵام لەو ماوە کورتەدا، ئەو دایکە ئاشقانە دەیڕوانییە کوڕەکەی.
ئەوشەوە تێپەڕی و دەگەڵ یەکەم سپیایی ڕۆژێ، بەرەو کەرکوکیان بردین. لای تاوپەڕان لە کەرکوک بووین. ئێستا شەو نەنیشتبوو کە ئێمەیان بردە ئێزگەی شەمەندەفەر و سواری واگۆنێکی تایبەتییان کردین. لێرە ئیتر حاڵ و دۆخی خەیری خراپتر بوو، دەیناڵاند و هاواری دەکرد: انزل الطبیب فی سبیل اللە… (دە ڕێی خودایدا دوکتورم بۆ بێنن).
واگۆنەکەی ئێمە بەلاوە بوو و دەرگاگەشی داخرابوو و هیچ ڕێگایەکی نەبوو کە بە واگۆنەکانی دیکەوە ببەسترێتەوە. دەرگایەک لە لایەکی واگۆنەکە بوو کە ئەویش گاڵە درابوو. دەستەکانی ئێمەیان دووکەس و دووکەس بەیەکەوە بەستبۆوە. خەیریش کە بەتەنیا مابۆوە، دەستەکانیان بە ئەسکەملەی واگۆنەکە بەستبۆوە. پاشی دەوری کاتژمێرێک کە شەمەندەفەرەکە وەڕێ کەتبوو، دیتمان دەنگێک لە پشتی واگۆنەکەی ئێمەوە دێ. وەک ئەوە دەچوو کە پشیلەیەک چڕنووک لە دەرگای واگۆنەکە بدا و نووزەیەکی لێوەبێ. ئەو دەنگە سەرنجی پاسەوانەکانمانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. سەرۆکی پاسەوانەکانمان کەسێکی (مفوض – یاریدەدەری ئەفسەر) بوو. پۆلیسێکی لاو و زۆر لەخۆبایی بوو. ئاکاری وەک ئەو کەسانە دەچوو کە پاشەڵیان خاوێن نەبێ. تەنانەت چاووشەکەشی(گروهبان – Sergeant) وای بیر دەکردەوە. وەختەبوو باڵ بگرێ لە خۆشییان کە ئەو ئەرکەیان پێ ئەسپاردوە تا ئێمە بەرێتە بەغدا و لە هەلێک دەگەڕا تا کرمی خۆی بڕێژێ و وا پێشان بدا کە دەسەڵاتی هەیە. ئەمری کرد بە چاووشەکەی تا بزانێ ئەو دەنگە چییە! کاتێک چاووشەکە دەرگای نێوەڕاستی واگۆنەکەی کردەوە بە سەرسووڕمانەوە دیتمان کە دایکی خەیری لە پشت دەرگاکە ڕاوەستاوە! هەموومان واق ماین، ئەو ژنە لێرە چ دەکا! پتر لە دەیان واگۆن بەو شەمەندەفەرەوە نووساوە، ئەو چووزانێ کوڕەکەی لەو واگۆنە دایە! هیچ وەڵامێکمان بۆ ئەو پرسیارانە نەبوو. لە ڕێگای چاووشەکەوە کە تورکیی دەزانی، داوامان لە “مفوض”ـەکە کرد تا ئیزن بدا ئەو دایکە لەلای کوڕەکەی دابنیشێ، بەڵام ئەو بە تووڕەییەوە وەڵامی داینەوە و ئەمری کرد تا دایکەکە وەدەر نێن و دەرگاکەش داخەنەوە. هەڵبەت خەیریش نەیدەویست دایکی لەو دۆخەدا بیبینێ کە کوڕەکەی نەخۆش و دیل و یەخسیرە و، دەستیان بە ئەسکەملەکەوە بەستۆتەوە. هەرچۆنێک بێ دەرگایان لەسەر دایکی داخست. دیسان هاوار و ڕۆڕۆی دایکی خەیری دەستی پێ کردەوە، دەنگی چڕنووکەکانی پتر ببوو. ئەو دیمەنە دڵتەزێنە تا بەری بەیانی بێبڕانەوە و بێپسانەوە، درێژەی هەبوو. لەو ماوەیەدا چەند جارێک شوڕتەکان بە بێڕێزی و بە گرژییەکی نامرۆڤانەوە پاڵیان پێوە دەنا و لە پشتی دەرگاکەیان دوور دەکردەوە، بەڵام ئەو دایکە لە بەرانبەر ئەو هەموو دڵڕەقییە و بێڕێزییەدا نە یەک وشەی دەردەبڕی و نە بەربەرەکانییەکی دەگەڵ دەکردن، تەنیا سینگی دەکوتا و دەیگوت: “کوڕم، خەیری!… کوڕم، خەیری!…” نە دەپاڕایەوە، نە داوایەکی دەکرد، نە دژکردەوە یان ناڕەزایەتییەکی پێشان دەدا، تەنیا دەیگوت: “کوڕم، خەیری!… کوڕم، خەیری!…”
لەولای دەرگاکەشەوە خەیری بە دەستی بەستراو بە ئەسکەملەکەوە، نەخۆش و بێحاڵ یەکبەخۆی دەیناڵاند و هاواری دەکرد: لە ڕێی خودایدا دوکتورم بۆ بێنن
دایکەکەشی لەولای دەرگاکەوە لە سینگی خۆی دەدا و بە چڕنووکان لە دەرگاکەی دەدا و هاواری دەکرد: “کوڕم، خەیری!… کوڕم، خەیری!…”
ڕۆژ بۆوە و تاو هاتە سەر سەرمان جا گەییشتینە بەغدا، یەکڕاست بردیانینە بنکەی ناوەندی پولیسی بەغدا بە ناوی (مرکز سرا). بە سەرسووڕمانەوە دیتمان کە دایکی خەیری لەبەر دەرگای بنکەی ناوەندی پۆلیس ڕاوەستاوە و چاوەڕوانی کوڕەکەیەتی تا دیسان بەو چاوە ئەویندارانەیەی لە کوڕەکەی بڕوانێ و هاوار بکاتەوە: “کوڕم، خەیری!… کوڕم، خەیری!…”
ئای کە دڵتەزێن بوو. هەموومان دەرد و خەمی خۆمان لەبیر چووبۆوە، لەتاوی ئەو دایکە جەرگ و هەناومان کەباب ببوو. لەو بنکەیە پاش هەندێک کاری ڕووتین لە ژوورێکی پیس و چڵکن، حەپسیان کردین. پاشی نیو کاتژمێر شوڕتەیەک هات و پاکەتێکی دا بە خەیری و گوتی ئەوە دایکت بۆی ناردووی. نێو پاکەتەکەدا نانێکی ویشک و حەوت یان هەشت دانە خورمای تێدابوو.
پاشی سێ ڕۆژان چارەنووسمان دیاری کرا و ئێمەیان لە (مرکز سرا) بۆ زیندانی (ئەبو غورەیب) ڕاگواست و خەیریشیان لە ئێمە هەڵبڕی و دایانەوە بە ئەڕتەش. بەو شێوەیە ڕێگای ئەو لە ئێمە جیا بۆوە و هیچ هەواڵێکمان لێی نەزانی. تەنیا لە رێگای ڕۆژنامەکانەوە دەمانخوێندەوە کە خەیرییان داوەتەوە بە دادگای عەسکەری. پاشی ٥-٦ مانگان یەک لە هاوڕێکانمان بە ناوی “عەلی ئەسغەری” گەیشتە لامان لە زیندان، باسی چارەنووسی خەیری و دایکە جەرگسووتاوەکەی بۆ کردین. عەلی ئەسغەری لە گەرمەی شەڕەکانمان دەگەڵ ئەڕتەشی ئێران بریندار بوو، بۆیە لەپێش هەمووماندا ئەویان ڕادەستی ئەڕتەشی عێڕاق کردبوو تا چارەسەری بۆ بکرێ. پاش ماوەیەک کە کەمێک بەرەو چاکبوونەوە دەچێ، لە زیندانی ناوەندی بەغدایان کردبوو. ئەو بۆی گێڕاینەوە کە:
خەیری لە هەموو شوێنێک بە هۆی ئەو دایکە دڵسۆزەیەوە ناوبانگی دەرکردبوو. دایکی لە هەموو شوێنێک بە شوێن کوڕەکەیەوە بوو. دەتگوت بۆن دەکا! بێئەوەی لە هیچکەس پرسیار بکا، لە هەموو شوێنێک کە کوڕەکەی لێبا، پێش کوڕەکەی لەوێ حازر بوو. کاتێک کە خەیروڵڵا لە پادگانی (قشڵە) ئەڕتەش زیندانی بوو، دایکی بە بەردەوامی و بێ چرکەیەک وازهێنان لەبەر دەرگای پادگانەکە بوو. کاتێک خەیروڵڵایان دەبردە دادگا، بەدوایدا وەڕێ دەکەوت و بە هەمان شێوەش دەگەڵی دەهاتەوە زیندان. تەواوی ئەفسەرەکان و قازییەکان دایکی خەیروڵڵایان دەناسی. دڵدارییان دەدایەوە، هانیان دەدا کە بڕواتەوە ماڵێ، تەنانەت بە درۆ بەڵێنیان پێ دەدا کە کوڕەکەی بە زووترین کات ئازاد دەکرێ، بەڵام ئەو تەنیا یەک وشەی دەگوت کە: “کوڕەکەم دەنەوە با بیبەمەوە ماڵێ.”
دواجار خەیڕوڵڵا بە لەسێدارەدان حوکم درا. ڕۆژنامەکانیش نووسییان کە لە زیندانی ناوەندیی بەغدا لە قەنارەیان دا، بەڵام دایکی خەیری هەر داوای کوڕەکەی دەکردەوە. بەرەبەیانی ئەو ڕۆژەی کە بڕیاڕ بوو خەیری لە سێدارە بدەن، خەیری دوو ڕەکعەت نوێژ دەخوێنێ و خۆی ئامادە دەکات تا بەرەوپیلی مەرگ بچێ، لە بن داری قەنارە و کاتێک کە پەتەکەی لە مل دەکەن هاوار دەکات و دەڵێ: “من لاوێکی کوردم و شانازیی دەکەم کە لە ڕیی سەربەخۆیی کوردستاندا دەمرم…” لە کۆتاساتەکان و هەناسەکانیدا وەسیەت دەکا کە تەرمەکەی بدەنەوە بە دایکی.
هەر ئەو ڕۆژە بە دایکی دەڵێن کە کوڕەکەت لە سێدارە درا، بەڵام ئەو هەر دووپاتی دەکردەوە کە کوڕەکەم بدەنەوە با بیبەمەوە ماڵێ…
کوڕەکەیان دایەوە، بەڵام بێگیان.
چەند لە کوردەکانی دانیشتووی بەغدا هاوکاریی دایکی دەکەن و ماشێنێکی بچووکی پشتئاوەڵە بەکرێ دەگرن و ئەو شەهیدە قارەمانە کوردەی دەبەنەوە بۆ هەولێر. دەیانگێڕایەوە کە دایکی خەیری لە ماشێنەکەدا لەبن سەری تەرمی کوڕەکەی دادەنیشێ، سەری لەسەر تەرمەکەی دادەنێ و بێئەوەی گریان و ڕۆڕۆ بکا، دڵداری خەیری دەداوە: “ڕۆڵە گیان خەم مەخۆ، کە گەیشتینەوە ماڵێ حاڵت باشتر دەبێ…”
عەلی ئەسغەری لە زیندانییە کوردەکانی زیندانی بەغدا بیستبووی کە لە هەولێر خزم و قەومی خەیروڵڵا کۆ دەبنەوە و تەرمەکەی لە گۆڕستان بە خاک دەسپێرن و دەگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان، بەڵام کە وشیار دەبنەوە دەبینن دایکی خەیرییان دەگەڵ نییە. کە بۆ سبەی دەگەڕێنەوە سەرگۆڕی خەیری، دەبینن کە دایکی خەیری سەری لەسەر گڵکۆی خەیرییە و سەری ناوەتەوە و گیانی داوە.