ڕێژیمی ئێران و عەرەبستان کە بە نێوبژیوانیی عێراق لە هەوڵی ئەوەدابوون پەیوەندییەکانییان ئاسایی بکەنەوە بەڵام کۆبوونەوەکانیان ڕاگیراوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران و عەرەبستانی سعوودی لە بنەڕەتدا کێشەگەلێکی زۆریان هەیە کە گرینگترینیان کێبەرکێی ناوچەیی و هەوڵدانە بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بانگەشەی ڕێبەرییکردنی جیهانی ئیسلام، ڕەکابەریی شیعە و سونە و گرژیی ئیدئۆلۆژیک لەو کێشە بنەڕەتییانەن کە ئەو دوو وڵاتەی کردووەتە دوو بەرەی دژبەری یەک.
هەروەها کێشە نێوخۆییەکانی یەمەن و لوبنان بووەتە هۆی ئەوەیکە ئەو دوو وڵاتە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە و بەدژی یەکتر هەڵوێستی توند بگرن، عەربستان کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە تۆمەتبار دەکا و پەیوەندیی دیپلۆماتیکی نێوان هەردوو وڵات، لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بەهۆی هێرش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستان لە تاران و کۆنسولگەرییەکەی لە شاری مەشهەد پچڕا و لەو کاتەوە لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە هەوڵ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدرێت کە هەتا ئێستا ئاکامێکی نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا عەرەبستان پێیوایە کە ڕێژیمی ئێران پێبەندی هیچ یاسا و ڕێککەوتنێک نابێ.