مەجلیسی سێنای ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسایەکیان بۆ مانەوەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی ئەمریکا پەسەند کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، بە ٦٦ دەنگی ئەرێنی، پڕۆژە یاسایەکیان پەسەند کرد کە لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی بەرجام، دەبێ سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی گرووپە تێرۆریستەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بمێنێتەوە.
بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە هەرجۆرە ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ رێژیمی ئێران بکرێ دەبێ سێ نیگەرانیی مەجلیسی سێنای ئەمریکا کە پێکهاتووە لە پێویستی ڕاوەستانی هەوڵە تێکدەرانەکانی رێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، درێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا بەدژی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و مانەوەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ئەمریکا لە خۆ بگرێ.
جێگەی ئاماژەیە کە پێش لە پەسەندکرانی ئەو پڕۆژە یاسایە، نوێنەرانی مەجلیسی سێنای ئەمریکا، گەڵاڵەی پێشنیاری سێناتۆری کۆماریخواز” تێد کرۆز” لەسەر سەپاندنی گەمارۆی زیاتر و پێوەندیدار بە تێرۆریزم بەسەر بانکی ناوەندیی ئێراندا بە ٨٦ دەنگی ئەرێنی پەسەند کرابوو.