سەرەڕای بەرز بوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، یەکیەتیی ئورووپا گەمارۆی نوێی خستەسەر بەشی نەوتی ڕووسیە و هاوردەکردنی نەوتی لە ڕووسیەوە قەدەغە کرد.
ئۆرسۆلا فۆندێرلاین، بەرپرسی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ڕۆیتێرز وتی: سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا، بە پشتیوانیی گشتیی وڵاتانی ئورووپایی بەتایبەتی ئاڵمان( گەورەترین ئابووریی ئورووپا) بە کۆدەنگیی بڕیارمان داوە کە گەمارۆ بخەینە سەر بەشی نەوتی ڕووسیە و هاوردەکردنی نەوت لە ڕووسیەوە بۆ وڵاتانی ئورووپایی قەدەغە بکەین و بەوجۆرە شکستی سەربازیی و ئابووری بە پوتین بهێنین.
ناوبراو هەروەها وتی: ئەو گەمارۆ نوێیە گوشاری زیاتر دەخاتەسەر ڕووسیە و بەهۆی هێرشە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراین دەبێ ڕووسیە باجێکی قورس بدا.
هەرلەم پێوەنییەدا ڕۆبێرت هابک، وەزیری ئابووریی ئاڵمان، سەرەڕای ئاماژە بەوەیکە گەمارۆ خستنەسەر بەشی نەوتی ڕووسیە و قەدەغە کردنی هاوردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ ئاڵمان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا وتی: ئێمە پشتیوانیی لەو گەمارۆە نوێیەی یەکیەتیی ئورووپا دەکەین و دەبێ ڕووسیە باجی زیدەخوازییەکانی بدا.