کۆنفرانسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا بە بەشداریی سکرتێری حیزب بەڕێوەچوو.
رۆژی شەممە، ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی کۆنفرانسی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی بریتانیا بە بەشداری “خالید عەزیزی” سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانس، هەروەها “کۆێستان گادانی” ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوەبەری دەرەوەی وڵات و “محەممەد ئێسماعیلی” بەرپرسی کۆمیسیونی پارێزگاری لە پەیرەوی ناوخۆ لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو.
کۆنفرانس بە خۆێندنەوەی سرودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستیپێکرد.
لە بەشی یەکەمی کۆنفرانسەکەدا،سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان وێرای بەخێرهاتنی بەشداران و ڕێز گرتن لە کار و تێکۆشانی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا، بە پێشکەش کردنی وتارێکی سیاسی ، باسی لە هەلومەرجی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و ناوچە و هەروەها دوایین ئاڵوگۆرەکان و پرسی یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات کرد.
سکرتێری گشتی حیزب لە درێژەی وتەکانیدا وێڕای بەرزنرخاندنی کار و تێکۆشانی ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان، وتی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان سیاسەت و بەرنامەکانی خۆی بەپێی واقعبینی و روانینی رۆژ بۆ ئاڵوگۆڕەکان و لە پێناو بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەرێژی و لە خەبات و تيکۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت.
.
لە بەشی دووهەمی کۆنفرانسەکەدا “کوێستان گادانی” بەرپرسی کۆمیتەی بەرێوبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات لە سەر پرسە تەشکیلاتییەکان، راسپاردە و بڕیارەکانی حیزب و کۆمیتەی بەرێوەبەریی دەرەوەی وڵات و هەروەها ماف و ئەرکی ئەندام چەند وتەیەکی پیشکەش کرد.
بەرێزیان ئاماژەیان بە گرینگیی هاوکاری و پەیوەندی دوولایەنەی کۆمیتە و ئەندامان کرد.
پاشان “ئەدیسون فەرامەرزی” بەرپرسی کۆمیتەی بریتانیا ڕاپورتی کارو چالاکێیەکانی کۆمیتەی بۆ بەشداربوان خوێندەوە.
دواتر ئەندامان پرسیار، ڕەخنەوپێشنیار ی خۆیان کرد کە لە لایەن “ کۆێستان گادانی” و ئەدیسۆن فەرامەرزی بە تێروتەسەلی وڵام درایەوە.
هەر لەم برگەیەدا کوێستان گادانی بۆ رێزگرتن لە کاروچالاکیی ئەندامانی کۆمیتەی پێشوو، ڕێزنامەی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی پێشکەش بە دەستەی بەرێوەبەریی پێشووی حیزب لە وڵاتی بریتانیا کرد.
دواتر بە پێی بەرنامەی داڕێژراو بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانس “محمد ئێسماعیلی”بەرپرسی کۆمیسیونی پارێزگاری لە پەیرەوی نێوخۆی حیزب لە سەر پرۆسەی هەلبژاردن چەند وتە و روونکردەوەی پێشکەش بە بەشداربوان کرد
بەشی کۆتایی کۆنفرانس کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەرێوەبەریی کۆمیتەی حیزب، کە لەم بەشەشدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان خۆیان بەربژێر کرد و لە ئەنجامدا بە دەنگی ئەندامانی بەشدار دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی نوێ حیزب لە بریتانیا هەڵبژێرا.