فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئەمریکا دەڵێ: وزەی پەنگخواردوو بۆ شەری نێونەتەوەیی لە نێوان زلهێزەکانی جیهاندا ڕوو لە زیادبوونە.
مارک میلی، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەرەڕای ئاماژە بەهێرشی سەربازیی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین وتی: ئەو هێرشە تەنیا ئاشتی و سەقامگیری ئورووپای تێک نەداوە بەڵکوو ئاشتی و سەقامگیری جیهانی تووشی کێشە کردووە و ئەو ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیرییەی کە باب و باپیرانی ئێمە ساڵانێکی زۆر بە گیانی خۆیان دەستەبەریان کردووە بەهۆی ڕووسیەوە خەریکە تێک دەچێ.
ناوبراو هەروەها وتیشی: شەڕی هێز لە نێوان زلهێزە جیهانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە هەڵکشاندایە و دەبێ ئەمریکا بۆ ئەو شەڕە نێونەتەوەییە خۆی ئامادە بکا.
فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ئەمریکا لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکا لە ئێستادا لە بارودۆخێکی هەستیار و مێژووییدایە و دەبێ ئەرتەشی ئەمریکا ئامادە بێ بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی ئەمریکا و بۆ داهاتوو و بەڕۆژتر بێتەوە.