مامۆستایەکی ئایینی خەڵکی پاوە:هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەناو پارێزگاری لە گیان و ماڵی منداڵانی ئێمە دەکەن و لە ڕاستیدا دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانمان سوورە “.
مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی “هاشم حەکیمی” پێشنوێژی هەینیی گوندی “دوریسان” سەر بە شاری “پاوە” لە کاتی ناشتنی تەرمی “سەفەر سوبحانی” کە ڕۆژی شەممە، ١٠ی بانەمەڕ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە تێرۆریستییەکانی هەنگی سنووریی کۆماری ئیسلامی لە سنووی “نەوسوود” کوژرا، لەنێو خەڵکی ئەو گوندەدا وتوویەتی: “هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەناو پارێزگاری لە گیان و ماڵی منداڵانی ئێمە دەکەن و لە ڕاستیدا دەستیان بە خوێنی ڕۆڵەکانمان سوورە “.
مامۆستا “حەکیمی” دەڵێ: “نازانین هەتا کەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی منداڵانمان وەکوو گەڵای دار دەوەرێنن”..
ئەم مامۆستایە داوا لە لاوەکانی ئەو گوندە دەکات کە وەدوای کۆڵبەری نەکەون و هەر چۆنێک بێت خۆیان بژیێنن و چۆک بۆ دوژمن دانەدەن چوونکە لە ئاکامدا دەیانکوژن.