کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە خێرایی هەوڵی گۆڕینی دێموگرافیای نێوان شارەکانی بۆکان، مەهاباد و میاندواو دەدا.
لە ماوەی چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نامەیەک بڵاو بووەتەوە و لەو نامەدا باس لەوە کراوە کە مەهدی عیسازادە، بەرپرسی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم داوای کردووە کە ژمارەیەک لە گوندەکانی شارەکانی بۆکان و مەهاباد بخرێتە سەر شاری میاندوا و بەوە کارەش ڕێژیم دەیهەوێ دێموگڕافیای شارەکانی کوردستان بگۆڕێ.
“مێهرداد کیانی” بەڕێوەبەری کاروباری مەجلیسی ڕێژیم داوای لە “زەهرا ئەحمەدی” بەڕێوەبەری ئیدارەی دابەشکاری وڵات کردبوو کە بەپیر داواکارییەکەی “مەهدی عیسازادە” سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیمەوە بچێت.
لەو نامەیەدا داوا کرابوو کە چەندین شارەدێ و هەروەها چەندین گوندی وەکوو؛ گوندی “قەرەگۆلـ”ـی بۆکان و سێ گوندی “بادام، قۆپی باباعەلی و بەردەڕەشانـ”ـی مەهاباد و هەروەها چەندین گوندی شاری “مەلیکان لە مەهاباد، بۆکان بخرێنە سەر شاری میاندواو،
بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی ئەو شارانەی لێکەوتووەتەوە و لەو بارەوە “ئەمیر قادری” فەرمانداری ڕێژیم لە شاری مەهاباد وتوویەتی؛ کە ئەو داوایە لە ئاستی نوێنەرایەتی شارەوە کراوە و هەتا نوێنەری شارێک ڕازی نەبێت، هیچ بڕیارێک لەسەر دابڕینی گوند و ناوچەی شارێک بە شارێکی دیکەوە نادرێت.